خاوه‌نكاره‌كانى رۆژھەڵاتی کوردستان لە گەرمیانن

+964

میلاد جه‌لال_گەرمیان

بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان، ژماره‌یه‌ك کۆمپانیا و خاوەنکار لە رۆژھەڵاتی کوردستانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ كه‌لار، پێشانگایه‌كیش بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانیان دەکەنەوە.

عومه‌ر نه‌جم سەرپەرشتیاری پێشانگاکە بە تۆڕى 964ـى وت “ئه‌م پێشانگایە بە ھاوکاری یەکێتی ھاوردە و ھەناردەکارانی ھەرێمی کوردستان کراوەتەوە، ھاوڵاتیانی گەرمیان دەتوانن بەرھەمی کۆمپانیا و خاوەنکارە دەستییەکان، لە کەسی یەکەم، بە نرخێکی ھەرزانتر لە بازاڕ، بکڕن”

وه‌ك ئه‌وه‌ى په‌یامنێرى تۆڕی964 بینیویه‌تى، زۆربەی کەرەستە و کەلوپەلەکانی ئه‌و پێشانگایه‌، بریتین له‌ خواردن و بابەتی کەلەپوری و جوانکاری خانمان.

نیشتیمان فه‌تاحی، یەکێک لەو خانمانەی لە شاری مەریوانەوە ھاتووە بە کاری دەستیی بەشداری لە پێشانگاکە کردووە بە تۆڕى964 ـى وت “ماوەی نۆ ساڵە خەریکی دروستکردنی كه‌ره‌سته‌ى جوانكارى خانمانم، بەرھەمەکانم ھەمووی کاری دەستی خۆمه‌ و دەمەوێت ئه‌و کارانه‌م شوێنی بەرھەمە چینیەکان بگرێتەوە”.

فه‌تاحیی داواشی كرد “خانمان زیاتر ئەو بەرھەمانە بکڕن کە بەرھەمی ناوخۆیین”

تۆڕى964 دەزانێت، پێشانگاکە بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ لە شاری یاری کەلار بەردەوام دەبێت و سەرجەم بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەش لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھاتوون.