یەکێکیان تایبەتە بە ئاوارەکان

دادگای فیدراڵی لەسەر سێ سکاڵای تایبەت بە هەرێم کۆدەبێتەوە

964+

ژووری هەواڵ

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە کە سیانیان تایبەتە بە هەرێمی کوردستان.

یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە تۆمارکراوە و داوای بەردەوامبوونی کارکردن بە بڕیارى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و داخستنی کەمپەکان و پابەندکردنی سکاڵالێکراوان بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان.

لەسەر ئەم پرسە، پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، ئەمساڵ 1662 خێزان لە کەمپەکانی سنووری پارێزگاکەوە گەڕاونەتەوە شنگال.

ئەوانەی کە لە کەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە 1200 خێزان بوون کە ژمارەیان پێنج هەزار و 218 کەسە، ئەوانەشی کە لە دەرەوەی کەمپەکان بوون و گەڕاونەتەوە ژمارەیان 462 خێزانە و پێکهاتوون لە دوو هەزار و 179 کەس.

دوێنێ شەممەش، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی 734 ئاوارەی کەمپی ئاشتیی پارێزگای سلێمانیی راگەیاند بۆ ناوچەکانی سەڵاحەدین و قەزای شنگال.

هەریەکێک لەو خێزانانە چوار ملیۆن دیناریان وەرگرتووە لەگەڵ تەلەفزیۆن، تەباخ و سەلاجەیەک

سکاڵای دووەم، لەلایەن پارێزەرێک بەناوی بەرهەم رەئوف، تۆمارکراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتیی عێراق دەکات، کە کۆت و بەندەکانی بەردەم هێنانی ژنی دووەمی قورس کردووە و بەگوێرەى هەموارەکە، رێگەنادرێت بەبێ رەزامەندیی دادوەر پیاو ژنی دووەم بهێنێت.

سکاڵای سێیەم، لەلایەن وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆرى سلێمانی لەدژی رێواز فایەق سەرۆکی پێشووى پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.

سکاڵاکار داوا دەکات بڕیار دەربکرێت بە نادەستووریبوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە (3)ـی ساڵی 2006 و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی دادگاکانی هەولێر لە دژی دەرکراون.

734 خێزانی ئاوارە لە کەمپێکی سلێمانییەوە گەڕانەوە زێدی ...

734 خێزانی ئاوارە لە کەمپێکی سلێمانییەوە گەڕانەوە زێدی خۆیان