پارێزگاری هەولێر:
دوو مانگی دیکە تەواوی هەولێر دەبێتە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێر
فەرهاد حەسەن
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵ لە 100%ی سنووری پارێزگای هەولێر دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری، لەئێستاشدا 85%ی سنووری پارێزگاکە سوودمەندی کارەبای 24 کاتژمێرین.
ئەمڕۆ دووشەممە 2026.4.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد و دوایین پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی (رووناکی) خستەڕوو، کە پڕۆژەكە هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیوە و لە ئێستادا 85%ی سنووری پارێزگای هەولێر سوودمەند بوونە لە کارەبای 24 کاتژمێری.
ئاماژە بەوەشکرا، کە تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵ پڕۆژەکە دەگاتە رێژەی 100% لە هەموو سنووری پارێزگای هەولێر، کە بە تەواوبوونی ئەم قۆناغە، هیچ شوێنێك لە سنووری پارێزگاکەدا نامێنێت کە کارەبای 24 کاتژمێری نیشتیمانی پێنەگەیشتبێت.
گفتوگۆ لە بارەی داڕشتنی پلانێکی پێشوەختەش بۆ وەرزی هاوین كرا، بە مەبەستی رێگریکردن لە كێشە و گرفتەكانی کارەبا و کەمکردنەوەی فشار لەسەر وێستگەکان، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر چەند راسپاردەیەکی گرنگی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.