بە حکومەت چارەسەر نەکراوە پەرلەمانیشی هاتەسەر
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لە کاتێکدا چەندان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە، هێشتا نەتوانراوە پرسی تۆپباران و رەوشی تەناهی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، ئەمجارە پەرلەمانی کوردستانیش شاند رەوانەی بەغدا دەکات.
بڕیارە سبەی سێشەممە 23ـی کانونی دووەم، شاندێکی پەرلەمانی کوردستان کە پێکدێن لە لیژنەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە و یاسایی، سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ لیژە هاوشانەکانی خۆیان لە پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە.
شاخەوان رەئوف بەگ، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی964ـی وت: پرسە ئەمنییەکانی وەک تۆپبارانکردنی سەر هەرێم و کێشەی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەو دوو تەوەرە دەبن کە لەگەڵ لیژنەکانی ناوخۆ و بەرگری و یاسایی پەرلەمانی عێراق تاوتوێیان دەکەین.
بۆ ئەو دوو دۆسیەیە، پێشتر چەندان لیژنە لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووەو چەندان لیژنەی هاوبەشیش پێکهێنراوە، بەڵام کێشەکە وەکخۆی ماوەتەوەو چارەسەر نەبووە.
لە دوای ساڵی 2003ـەوە، زۆر بە کەمی پەرلەمانی کوردستان شاندی رەوانەی بەغدا کردووە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: راستە پێشتر کەمتر شاندی پەرلەمانی کوردستان چووەتە بەغدا، بەڵام قسەمان لەسەر ئەوە کردووە زوو زوو شاندمان هەبێت و سەردانی بەغدا بکەین بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان هەرێم و بەغدا.