وتەبێژى هاتوچۆ وەڵام دەداتەوە

بۆچى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان تۆمار ناکرێن؟

964+

وریا فەتاح

وتەبێژى هاتوچۆى سلێمانى دەڵێت، 30 هەزار ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا لە هەرێمى کوردستان بوونیان هەیە و پێشى وایە چارەسەرکردنیان کارێکى گران نییە.

بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی لە پۆستێکدا کە لە پەڕەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاوى کردووەتەوە، نوسیویەتى،”ساڵانە چەندین بڕیار و رێنمایی دەردەچێت با ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندى فەقیر و هەژاران دەربچێت، زیاتر لە 30 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لەهەرێم بونی هەیە و بەسەر کوڕی فەقیر و هەژاراندا ساخ بۆتەوە و هەتا ئێستا چارەنوسیان نادیارە”.

لە نوسینەکەیدا بەهمەن عەبدوڵا دەپرسێت، کێ بەرپرسە لەو زیانەى کە بە 20 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەشێک لەو کەسانەى ئۆتۆمبێلى بێسەرەتایان هەیە هەموو سەرماکەیان ئۆتۆمبێلەکەیە.

باسى لەوەشکردووە، بەگوێرەی سەرژمێریەکی ساڵی 2021 کە لە سلێمانی و هەولێر ئەنجامداوە و کۆدیان بۆ کردن نزیکەی 20 هەزار ئۆتۆمبێل کۆدیان پێدرا، ئەو کاتە نەتوانرا چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە بۆیە هەتا ئەمڕۆ هێنان و هاتنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەردەوامە و رۆژ بەڕۆژ لە زیاد بوندایە.

بە وتەى وتەبێژى هاتوچۆى سلێمانى بێت، ئۆتۆمبێلە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 30 هەزار دەخەمڵێنرێت و چارەنوسیان دیار نییە.

لەبارەى چارەسەرکردنى ئەو کێشەیەوە، بەهمەن عەبدوڵا نوسیویەتى،” ئێستا ئەمانە بوون بە واقعی حاڵ، هێشتا چارەسەر کردنیان کارێکی گران نییە، لە رێگەی لێژنەیەکەوە دڵنیایی لە سەلامەتی ئۆتۆمبێلەکان بکرێتەوە و پاشان لەبەرامبەر بڕێک رسوماتدا تۆمار بکرێت ، ئەمە لەبەرژەوەندی ئەمنی و دارایی و خەڵکدایە”.

"ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانیش لە سزای کامێراکان دەرباز نابن"