ئەمە سەر بگرێ نرخی کارتی مۆبایل دادەبەزێتەوە

میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر

 دەستەی پەیوەندییەکان، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات بەهۆی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی باجی سەر کارتی مۆبایل هەڵگیرێت.

 ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ـی تشرینی یەکەم، کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق، بە میدیازانی راگەیاند کە دەستەی پەیوەندییەکان بە نووسراوی فەرمی داواکارییان پێشکەش بە پەرلەمان کردووە بۆ هەڵگرتنی پارەی زیادەی سەر کارتی مۆبایل.

 بەهۆی قەیرانی دارایی، لەچوارچێوەی کۆمەڵێک رێوشوێندا حکومەتی عێراق لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٥، بەڕێژەی ٢٠٪ باجی خستەسەر کارتی مۆبایل لەسەر بەکارهێنەر، بەمەش نرخی کارتی پێنج هەزاری بوو بە شەش هەزارو ١٠ هەزاریش بوو بە ١٢ هەزاری.

دەستەی پەیوەندییەکان، لە نووسراوەکەیاندا بۆ پەرلەمان دەڵێن، عێراق قەیرانی دارایی تێپەڕاندووە، بۆیە مانەوەی ئەو باجە هیچ پێویست نیە.

بەهۆی ئەو باجەوە کە دەبوو نرخی کارتێکی پێنج هەزاری بکرێتە شەش هەزار، بەڵام ئێستا لە بازاڕەکاندا کارتی پێنج هەزاری هەرسێ کۆمپانیای کارکەر لە کوردستان، زێن، ئاسیا، کۆڕەک، بە شەش هەزار ٢٥٠ دینارە، لەهەندێک شوێن بە شەش هەزارو ٥٠٠ دیناریش دەفرۆشرێت.

کاروان یاروەیس وتی “ئێمە لەپەرلەمان ئیش لەسەر ئەو نووسراوە دەکەین، کاتێک حکومەت بودجەی رەوانەی پەرلەمان کرد، جێگەی دەکەینەوەو کار لەسەر هەڵگرتنی ئەو باجە لەسەر گیرفانی هاوڵاتیان دەکەین”.