لەبری قوتابی تراکتۆر دەوامی تیادەکات
964+
محەمەد عومەر
قوتابخانەیەک لە ناحیەی سیروانی هەڵەبجە نۆ ساڵە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە تێکدراوە، بەڵام هێشتا نەهاتووەتەوە سەر خۆی و چاکیان نەکردووەتەوە، ئێستا لەبری قوتابی، تراکتۆر و ئامێرەکانی دیکەی خەڵکی دەڤەرەکەی تێدا پارک دەکرێت.
ئەوە قوتابخانەی ماکوانی بنەڕەتیە لە ناحیەی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە.
لەوبارەیەوە، هێمن حەمەحسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان بە تۆڕی 964ی وت، پاش ئەوەی بڕیاربوو لە بەشەبودجەی پترۆ-دۆلار نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکە ئەنجامبدرێت، بەڵام لە ساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن لە پڕۆژەکە وەستاوە و هێشتا سەدا 50ی کارەکانی ماوە تەواو ببێت.
سەبارەت بەو تراکتۆر و ئامێرە کشتووکاڵیانەی کە لەناو قوتابخانەکە دانراون بەڕێوەبەری ناحیەکە وتی، “ئاگادارین، بەڵام هیچ مۆڵەتێکیان لە ئێمە وەرنەگرتووە و هیچ بڕە پارەیەکیش نادەن بۆ وەستاندنی ئۆتۆمبێل و ئەو ئامێرانە، بەڵام کێشەیان دروستنەکردووە هەرکات دەست بە دروستکردنی پڕۆژەکە بکرێتەوە هەموویان لادەبەین”.