
گردبوونەوەی شۆفێرەکان، 964+
شۆفێرانی تێرمیناڵە تازەکەی سلێمانی: نەفەرمان لێ دەدزرێت
+964
ئاودێر عومەر – سلێمانی
بەشێک لە شۆفێرانی تێرمیناڵە تازەکەی سلێمانی گردبوونەوە، نیگەرانن لەوەی وەکو جاران نەفەریان نەماوە، گوایە لەناو شار نەفەرەکانیان دەگوازرێنە بە سەیارەی دیکەی تایبەت.
حاجی رەزا، بەرپرسی هێڵی بەغدا لەناو تێرمیناڵی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، کاتی خۆی وەعدی زۆریان پێداون، بەڵام جێبەجێ نەکراون، بەم هۆکارەیە گردبوونەتەوە.
بە قسەی ئەو نەفەر لەناو شارەوە تاوەکو دەگاتە گەراجەکە هەشت بۆ 10 هەزار دینار سەرف دەکات، بۆیە ناچنە گەراج و هەر لەناو شارەوە بە سەیارەی تایبەت گەشتی خۆیان دەکەن.
کەمتر لە ساڵێک دەبێت تێرمیناڵی گشتیی سلێمانی لەناو شارەوە گوێزراوەتەوە بۆ نزیکی تاسڵوجە، کە بە ئۆتۆمبێل 20 خولەک رێگایە.
شۆفێرەکان گلەییان هەبوو لەوەی لایەنی پەیوەندیدار ئەو دیاردەیە قەدەغە ناکەن کە سەیارەی تایبەت لەناو شارەوە نەفەر بۆ پارێزگا و ناوچەکانی دەرەوەی سلێمانی دەگوێزنەوە.
حاجی رەزا وتی “ئێستا کەس نایەت بۆ گەراج، هەر لە شەکرەکە سەیارەی مەدەنی نەفەرەکانمان دەبەن بەتایبەت هێڵی بەغداد، بە بەڵگەوە لامانە چوار مینی پاس و 10 سەیارەی قەمەرە لە رێگای عەربەتەوە بۆ کەلار و دواتر بۆ بەغداد نەفەرەکانمان دەبەن”.