لە بەریتانیا باس باسی قاچاخچییەکی کوردە
964+
هێمن بەکر
لە بەریتانیا پیاوێکی کورد بە ناوی تاریق نامیق دەستگیرکراوە، بە تۆمەتی “قاچاخیکردن بە مرۆڤ”، خەڵکی ئەو وڵاتە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی خەریکی باسکردنین.
964+ دەزانێت، ئەو پیاوە تەمەنی 45 ساڵە و بە ئەسڵ خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا (NCA) رایگەیاندووە، تاریق سەرۆکی باندێکی قاچاخچێتیە بە مرۆڤ، لە رۆژی هەینی رابردوو، لە فڕۆکەخانەی مانچێستەر دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی لە ئیستەنبوڵەوە گەشتی کردووە.
بە قسەی ئەو ئاژانسە، تاریق تۆمەتبارە بە گواستنەوەی نزیکەی دوو هەزار کەس بۆ بەریتانیا تەنیا لە ماوەی 50 رۆژدا.
رۆژی 9ی 12ی 2022، دادگای شاهانەی مانچێستەر بە تۆمەتی قاچاخچێتی و بە غیابی، سزای هەشت ساڵ زیندانی بەسەر تاریق سەپاندبوو.
بڕیارە سبەینێ دووشەممە، ببردرێتە بەردەم دادگاکەی مانچێستەر و بە فەرمی سزای بەسەردا بسەپێندرێت.
میدیاکانی بەریتانیا ناوی چوار کەسی دیکەیان هێناوە وەکو ئەندامی باندەکەی تاریق نامیق، کە ئەوانیش بریتین لە هەژار نامیق، هابیل گیدار، سۆران عەلی قادر و هەردی عەبدولرەحمان عەلیزادە.
هەژار چوار ساڵ، هابیل چوار ساڵ، سۆران پێنج ساڵ و هەردی 16 مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.