سکچوون و رشانەوە زۆرە
نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: حاڵەتی کۆلێرا لەناو منداڵان تۆمار نەکراوە
964+
پێشەوا محەمەد
ئەگەرچی رۆژانە منداڵێکی زۆر تووشی سکچوون و رشانەوە دەبن و دەبرێنە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، بەڵام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا لەناو منداڵاندا تۆمار نەکراوە.
ئاماری نەخۆشخانەکە ئاشکرای دەکات، رۆژانە زیاتر لە 200 منداڵ دەبرێنە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان و سەرجەمیان سکچوون و رشانەوەیان هەیە.
“بەشی زۆری سکچوون و رشانەوەکان ڤایرۆسین و هەندێکیشیان بەکتریایین و خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدانمان نەبووە”، کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی وای بە 964 وت.
وتیشی، “بۆ ئەم وەرزانە و لە کاتی گەرمادا تووشبوونی ئەو منداڵانە بەو رێژەیە بە سکچوون و رشانەوە چاوەڕوانکراوە و هەتا ئێستاش حاڵەتان قوورس نین و وشکبوونەوەمان نییە”.
نەخۆشخانەکە رێنمایی دەداتە هاوڵاتیان هەر سکچوونێک کە رشانەوە و خوێنی لەگەڵدا بوو پێویستە دەستبەجێ منداڵەکانیان فریای نەخۆشخانە بخەن.