چوار ساڵى داهاتوو دەبێتە 5 ملیار

لوبنان زیاتر لە یەک ملیار دۆلارى عێراق قەرزارە

964+

وریا فەتاح

لە بەرامبەر هاوردەکردنى سووتەمەنى لە عێراقەوە، لوبنان تائێستا یەک ملیار و 59 ملیۆن دۆلار قەرزارى عێراقە و پێشبینى دەکرێت تا چوار ساڵى داهاتوو پێنج ملیار تێپەڕێنێت.

رۆژنامەی  The National کە لە ئیمارات بڵاودەکرێتەوە، باسی لە خەوشێکى رێککەوتنی سووتەمەنی عێراقی لەگەڵ لوبنان کردووە و رایگەیاندووە، عێراق هیچ پارە و خزمەتگوزارییەکی لە بەرامبەردا وەرنەگرتووە.

گرێبەستەکە لە ساڵى 2021 واژۆکراوە و تایبەتە بە گواستنەوەى سووتەمەنى لە عێراقەوە بۆ لوبنان.

حکومەتى لوبنان نیازى وایە، گرێبەستەکە تا ساڵى 2028 نوێ بکاتەوە، هەر بۆیە رۆژنامەکە ئەوەى خستووەتەڕوو کە پێدەچێت قەبارەى قەرزەکە لە یەک ملیار و 59 ملیۆن دۆلارەوە بۆ پێنج ملیار و 45 ملیۆن دۆلار بەرز ببێتەوە.

لوبنان بۆ دابینکردنى کارەبا، پشت بە هاوردەکردنى سووتەمەنى عێراق دەبەستێت، بەڵام ئەو رێککەوتن و گرێبەستەى لە نێوان بەیروت و بەغدا واژۆکراوە،  ئاڵۆزە، چونکە بە پێى راپۆرتى رۆژنامەکە بێت تائێستا لوبنان هیچ بڕە پارەیەکی بە عێراق نەداوە.

رۆژنامەکە ئەوەى ئاشکرا کردووە کە لوبنان بە بیانوى مەرجى ناڕوون لە رێککەوتنەکەدا تائێستا هیچ بڕە پارەیەکى عێراقى نەداوە.

شارەزایەکی وزەی لوبنانی بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، رێککەوتنی سووتەمەنی عێراق بۆمبێکی کاتییە لەبەر رۆشنایی نەبوونی سەرچاوەیەکی جێگرەوە بۆ سووتەمەنی لە لوبنان، بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو گرێبەستەکە کۆتایی پێبێت، عێراقییەکانیش دەیانەوێت بزانن بۆچی لە بەرامبەردا هیچیان دەستناکەوێت .

بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنەکە، لوبنان تەنیا یەک ساڵى لەبەردەم ماوە پارەی هەر بارێکی سووتەمەنی بدات، بەڵام دوای 3 ساڵ لە ئیمزاکردنی گرێبەستەکە، عێراق هیچی پێنەگەیشتووە و ئەگەرى بەهێزیش ئەوەیە رێککەوتنەکە درێژ بکرێتەوە.

مانگی رابردوو داهاتى نەوتى عێراق زیاتر لە 8 ملیار دۆلار...

مانگی رابردوو داهاتى نەوتى عێراق زیاتر لە 8 ملیار دۆلار بووە