شوێن نه‌ماوه بۆى نه‌گه‌ڕێن
حاجییه‌کی بەردەڕەش پێنج رۆژە بێ سۆراغە
964+
زەید کۆچەر- دهۆک
حاجییه‌کی قەزای بەردەڕەش لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانەوە لە شاری مەککە وون بووه و تا ئێستا سۆراغی نییه، کەسوکارەکەی دەڵێن، شوێن نەماوە پرسیارى بۆ نەکەن و تا ئێستا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
حاجییەکە ناوی شاکر شوکری عومەرە و له‌دایكبووى ساڵى 1952 و خەڵکی گوندی مۆریلانە و نزیکەی 15 ساڵە دانیشتووی قەزای بەردەڕەشە.
دڵدار شاکر، کوڕی حاجییەکە بە 964ـی وت، باوکى بە ڤیزای ساڵى چووەتە حەج، لەگەل 12 کەس له خزم و دۆسته‌كانی رۆیشتووه.
وتیشی، “رۆژی یەکەمی جەژن دەچێتە مزگەوتی (بن باز) لە مەککە و مۆبایلەکەی له‌وێ به‌جێماوه، کەسانێک پەیوەندیان بە ئێمەوە کردووە و داوایان کردووە بێین و مۆبایلەکە وەرگرینەوە”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، نەخۆشخانەکانی ناو مەککە و مەدینەش گه‌ڕاون، تا ئێستا چاره‌نووسی دیار نییه، لایەنەکانی پەیوەندیداره‌كانیشیان ئاگادار کردووەتەوە بەڵام هیچ وەڵامیکیان نییە.
لای خۆیه‌وه، کاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە یان ونبوونه، هەموویان بە ڤیزای ساڵى سەردانی سعودیەیان کردووە.
وتیشی “تا ئێستا 19 کەس گیانیان لەدەست داوە، کە تەنیا یەک حاجی لە رێگای بەڕێوه‌بەرایەتییه‌كه‌مان رۆیشتووە”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، تا ئێستا زیاتر لە 13 حاجی بێسەروشوێنن، ئەوانەشی كه بە رێگای شەرعی چوونه، تا ئێستا هیچ کەسیان ون نەبووە.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن