گوللە هاوەنێک دۆزراوەتەوە

مینی سلێمانی: پێویست بکات تیم دەنێرین بۆ گاپیلۆن

ئەحمەد مستەفا

لە رێگەی کەشناس سالار عەلی، هاوڵاتیەکی گوندی مێوڵاکە لە ناحیەی گاپیلۆن دەیەوێت هانا بۆ تیمەکانی مینی سلێمانی بەرێت و لە مەترسی دۆزینەوەی گوللە هاوەنێک لە گوندەکەیاندا ئاگاداریان بکاتەوە.

ئەو کەشناسە لە گروپێکی رۆژنامەوانی داواکاری هاوڵاتییەکەی بەمجۆە داناوە؛

“خاوەن کارێک، لە گوندی مێوڵاکە سەر بەناحیەی گاپیلۆن لە شارباژێر، بەهۆی ئیشکردان لە دەووری خانویەکی کۆندا گوللە هاوەنێکی گەورە، کە هی سەردەمی رژێمی بەعسە، دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1980، بەهۆی کۆن بوون و ژەنگەوە مەترسی تەقینەوەی لێ دەکرێت”.

هەرزوو 964 پەیوەندی بە دەزگای مین لە سلێمانی کرد، ئارام جەلال بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.6.2024 بە 964 وت، “تیمی بەردەواممان هەیە، لە رادەی مەترسی دەکۆڵینەوە و پێویست بکات ئەمڕۆ تیم دەنێرینە گوندەکە تا گوللە هاوەنەکە بەبێ زیان پوچەڵ بکەنەوە یان بیگوازنەوە دەروەوەی نیشتەجێ بوون”.

دەزگای مین لە سلێمانی، لە ئێستادا لە ناوچەی مینکە و سەرچاوەکانی دەستی بە گەڕان کردووە تا زوو دەنگی بکات بە هاوڵاتییەکانی گوندەکە، کە پێشتر ئەو کەشناسەی هەواڵی لە مینەکەدا بوو، ئاماژەی بەوەکردبوو، “تا ئەوکاتە، هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار سەردانی شوێنەکەی نەکردووە”.

بە قسەی جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان بێت بۆ 964، بەپێی ئەو رووپێویەی لە دەزگای گشتیی كاروباری مین هەیە 776 كیلۆمەتر چوارگۆشە لەهەرێمی كوردستان مینڕێژ كراوه‌ و حکومەت بە هاوكاری رێكخراوە بیانییە هاوبەشەكان لە دوای ساڵی 1992ى زایینییەوە تا ئێستا توانیویەتى ئەو رێژەیە بۆ 258 کیلۆمەترى چوارگۆشە کەم بکاتەوە.

سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه‌ی به‌ مین چێنراون رێژه‌كه‌یان له‌ شوێنێك بۆ شوێنێكی تر ده‌گۆڕێت به ‌شێوه‌یه‌ك 60%ى دەكەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزای پێنجوێن، سۆران و چۆمانیش لەو قەزایانەن كە خاكیان زۆر پیسە بە مین و پاشماوەی جەنگی و دواتریش هەڵەبجە و گەرمیان دێن، جەبار مستەفا وای وت.

دیمەنی گوللە هاوەنەکە؛