پەرلەمانتارێک: پێشبینی دەکەم نرخی غازی ماڵان گرانتر ببێت

964+

هێمن بەکر

هەفتەیەکە نرخی غازی ماڵان فڕیوە، یەک بۆتڵ لە نزیکەی 10 هەزار دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ سەرو 15 هەزار دینار، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەو بابەتە باش ناڵێت.

گوڵیزار سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان بە تۆڕی 964+ی وت، ئەوانیش ئاگاداری ئەو گرانیەی غازی ماڵان هەن، بەڵام چارەسەریان لا نییە.

بە قسەی گوڵیزار، هۆکاری بەرزی نرخی غاز دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی بەرهەمهێنان و زۆری خواست لەسەری.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت “پێشبینی دەکەم تەنانەت نرخی غاز لەوەش گرانتر ببێت”.

لە ماوەی یەک هەفتەدا، نرخی یەک تۆن غازی شلی ماڵان لە یەک ملیۆن دینارەوە بۆ یەک ملیۆن و 300 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، واتە بە رێژەی سەدا 30.