سزاکەی نزیکەی 300 هەزار دینارە

چێشتخانەکان لە جەژندا کراوە نەبن سزا دەدرێن

پێشەوا محەمەد

ئەو چێشتخانانەی لە سلێمانی لە چەند زۆنێک دیاریکراون پێویستە لە رۆژانی جەژندا کراوە بن، ئەگەر وانەکەن کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی سلێمانی سزایان دەدات.

دیاریکردنی چێشتخانەکان بەپێی شەقامی گشتی و شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی دیاریکراون، ئەو چێشتخانانەی دەکەونە سەر شەقامە گشتییەکان، ئەوانەی دەکەونە شەقامی سالم و سەرچنار و چەند شوێنێکی دیکە دەبێت کراوە بن.

مەحمود تۆفیق، سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو گەشتیارانەی هاتوونە سلێمانی و دەوروبەری پێویستیان بە چێشتخانە و شوێنی نانخواردنە و پێویستە کراوە بن و لە پێشوازیی گەشتیاراندا بن.

وتیشی، “نزیکەی 15 شوێن هەیە شەو و رۆژ خواردنیان هەیە و کراوەن و شوێنەکانی دیکەش کە زیاتر لە 100 چێشتخانە دەبن دەبێت رۆژانە کراوەبن”.

بەپێی ئاماری گەشتوگوزاری سلێمانی لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی و پێشبینیی هاتنی زیاتریش دەکرێت.

“ئێمە بەردەوام بەسەر چێشتخانەکاندا دەگەڕێین و ئەو شوێنانەی دەبێت کراوەبن و نەکرابنەوە سزا دەدرێن و سزاکەشیان تا نزیکەی 300 هەزار دینار دەبێت”، سەرۆکی کۆمەڵەی چێشخانە و میوانخانەکانی سلێمانی وای وت.