سەنتەری نەخۆشییەکانی حەساسییەت و رەبۆی سلێمانی - وێنە: تەندروستیی سلێمانی
مانگی رابردوو 140 حاڵەت هەبووە
هەر رۆژێک نزیکەی پێنج حاڵەتی رەبۆ لە سلێمانی تۆمار دەکرێت
پێشەوا محەمەد
بەپێی ئامارێکی تەندروستیی سلێمانی، مانگی رابردوو 140 حاڵەتی رەبۆ لە سەنتەری حەساسییەت و رەبۆ تۆمارکراوە و پزیشکێکش دەڵێت، پیسبوونی هەوا و خۆڵبارین هۆکاری سەرەکییەتی.
ئاماری تەندروستیی سلێمانی ئاشکرای دەکات، لە مانگی پێنجدا 630 نەخۆش سەردانی سەنتەری حەساسییەت و رەبۆیان کردووە و 252ـیان لە رەگەزی نێر بوون و ئەوەی دیکەش لە رەگەزی مێ بوون.
فەرمان ئیبراهیم، پزیشکی سنگ و رەبۆ و تەنگەنەفەسی بۆ 964ـی روونکردەوە، پیسبوونی هەوا و خۆڵبارین لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوونن بە نەخۆشیی رەبۆ.
وتیشی، “رۆژبەرۆژ هەوا پیس دەبێت، خۆڵبارین زیاتر دەبێت و ژینگە بە هۆکاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پیس دەبێت، ئەوانەش هەموو هاوکارن بۆ زیادبوونی نەخۆشیی رەبۆ بەتایبەت لە منداڵان و بەتەمەنەکاندا”.
“مانگی رابردوو 55 حاڵەتی نەخۆشیی لووت و هەوكردنی گیرفانەكانی لووت و 209 نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسەدان، هەروەها 141 حاڵەتی هەوكردنی پێست و ئەكزیما و 120 حاڵەتی نەخۆشییەكانی پێست تۆمار كراون”، ئەوەش ئاماری تەندروستیی سلێمانییە.
نەخۆشیی رەبۆ یەكێكە لە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و سییەكان كە تیایدا هەناسەدان ئەستەم دەبێت، لە هەندێك كاتدا دەبێت بە نەخۆشییەكی درێژخایەن.