هەموو عێراق دەگەڕێن

رێکخراوێک لە رێگای وەرزشەوە منداڵان لە مەترسیەکانی مین ئاگادار دەکەنەوە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

رێکخراوێکی تایبەت بە مین، لە رێگای وەرزشەوە منداڵان و گەنجان هۆشیار دەکەنەوە مەترسیەکانی مین هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو رێگەیەش بۆ ئەوەیە باشتر پەیامەکان وەربگرن.

رێکخراوەکە لە 11 تیم پێکهاتوون کە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا کاردەکەن ئێستا بۆ ئەو پرۆژەیە چوونەتە قەزای پێنجوێن..

سەربەست نووری سەرۆکی رێکخراوی روحی تۆپی پێ لەو بارەیەوە بە 964ـی راگەیاند، رێکخراوەکەیان لە 11 تیم پێکهاتوون و وەرزشیان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی منداڵان باشتر پەیامی هۆشیاری لە مین وەربگرن.

وتیشی، چالاکی رێکخراوەکەیان لە سەردانیکردنی ئەو ناوچانە پێکدێت کە مینی تێدایە و لەو ناوچانە سەردانی گروپی شاخەوانی دەکەن و خولی تۆپی پێ دەکەنەوە بۆ منداڵان و لەو رێگایەوە هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی مین و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

سەربەست نوری ئەوەشی خستەروو، تیمەکانیان لە پارێزگای سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، دهۆک، گەرمیان، بەغدا، عەمارە، موسڵ، حەویجە، بەسڕە و خانەقین بونیان هەیە و لەسەرجەم ناوچەکان هۆشیاریان بڵاوکردووەتەوە.

هۆشمەند سەلام خاوەنی فێرگەی تۆپی پێ لە پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، لەمساڵدا ئەمە دووەم جارە ئەو رێکخراوە منداڵانی سنووری پێنجوێن هۆشیاردەکەنەوە لە بوونی مین و تەقەمەنی لە ناوچەکەدا.

باسی لەوەشکرد، لە کۆتا سەردانی رێکخراوەکەدا 85 منداڵ سودمەند بوون لەو خولە و لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی هۆشیارکراونەتەوە.

قەزای پێنجوێن ناوچەیەکی سنوورییە و بەهۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە ناوچەکە چۆڵکراوە و دواتر مین رێژکراوە و تا ئێستا رووبەرێکی زۆری پێنجوێن مین و تەقەمەنی تێدا ماوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی دەزگای مین ساڵانە رووبەرێکی زۆری مین لە ناوچەکە پاکدەکەنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

هۆشیاری مین بە قوتابیانی شارباژێڕ دەدرێت

هۆشیاری مین بە قوتابیانی شارباژێڕ دەدرێت