ئێستا دەتوانن دەست بە دروستکردنی خانووەکانتان بکەن

لە هەرێم پێشینەی خانووبەرە دابەش دەکرێتەوە

سۆشیال میدیا

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هەر ئەوەنەی بانکی نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، ئیتر پێدانی پێشینەی خانوبەرە دەست پێدەکاتەوە.
مەولود سابیر، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە میدیازانی راگەیاند: بانکەکە بە سەرمایەی ٢٥٠ ملیار دینار بە واژۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دامەزراوە، ٨٠٪ـی کارەکانی تەواو بووە و کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو دەکرێتەوە.

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشینەی خانووبەرەی بە بڕی ١٥ ملیۆن دینار بۆ دانیشتوانی شارەکان و ٢٥ ملیۆن دیناریش بۆ دانیشتوانی گوندەکان دەدا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پیشینەیە وەستاوە.

بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان وتیشی: “کارێکی سەرەکیی بانکەکە پێدانی پێشینەی خانووبەرەیە بە هاووڵاتییان، چونکە سەر بە بانکی ناوەندیی عێراقە و هەر پێشینەیەک لەوێ بۆ فەرمانبەران و هاووڵاتییان بڕیاری لێ بدرێت، لە بانکی نیشتیمانیی هەرێمیش جێبەجێ دەکرێت.”

بە پێی زانیارییەکانی میدیازان، کە لە وەزارەتی داراییەوە دەستی کەوتووە، تا کاتی وەستانی پێشینەکە، لە هەرێمی کوردستان ٢٢ هەزار و ٥٣ خێزان لە وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە سوودمەند بوون، کە بە کۆی گشتی بڕی ٥٧٤ ملیار و ٧٩٦ ملیۆن و ٢٧١ هەزار دیناریان پێ دراوە، هاوکات بڕی ٢٤٤ ملیار و ٢٧١ ملیۆن و ١٦٤ هەزار دیناریان بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە.

“هەتا ئێستا بڕ و شێواز و پیویستییەکانی پێشینەی خانووبەرە لە بانکی نیشتیمانیی هەرێمدا دیار نییە، بەڵام لەگەڵ کردنەوەیدا وردەکاری و ڕێنمایی پێویست بە هەماهەنگیی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاو دەکەینەوە”، مەولود سابیر وای وت.