پڕۆژەیەکی ئاوی پاک گوندەکانی دەڤەری بارزان دەحەسێنێتەوە

میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر

کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی بارزان دەستی پێکردەوە، بە تەواوبوونیشی زیاتر لە ٣١ هەزار دانیشتووی ٥١ گوندی دەڤەرەکە بۆ ئاوی پاک دەحەسێنەوە.

 دوای سێ ساڵ لە وەستان، کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی بارزان دەستی پێکردەوە کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و بە تەواوبوونی ئاوی پاک بۆ ٥١ گوندی دەڤەری بارزان دابین دەکات و زیاتر لە ٣١ هەزار گوندنشینی ناوچەکە سوودی لێ دەبینن.

پڕۆژەکە، دەکەوێتەسەر رووباری شین لە دەڤەری باڵندان، ئاو لە رووبارەکە وەردەگرێت و دەگوازرێتەوە بۆ بەشی پاڵاوتن، دوای پاک کردنەوەشی دەنێردرێت بۆ بەشی کۆگاکانی پڕۆژەکەو دواتریش لە رێگەی بۆڕییەوە دەگەیەندرێت بە گوندەکانی دەڤەری بارزان.

ڤیدیۆ/ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان

نیشان باقی، کچێکی گوندنشینە دەڵێ، پێویستی زۆرمان بەو پڕۆژەیە هەیە، چونکە “ئاوی رووبار دەخۆینەوە، زۆرجاریش بەهۆیەوە تووشی نەخۆشی بووینە، بۆیە حەز دەکەین بەزووترین کات پڕۆژەکە تەواو بێت”.

“پڕۆژەی ئاوی بارزان، لە توانایدایە لەهەر کاتژمێرێکدا هەزارو ٢٠٠ مەترسێجا ئاو بپاڵێوێت”

 پڕۆژەی ئاوی بارزان، لە توانایدایە لەهەر کاتژمێرێکدا هەزارو ٢٠٠ مەترسێجا ئاو بپاڵێوێت، بەهۆیەوە دەتوانێت ئاوی خاوردنەوە بۆ زیاتر لە ٣١ هەزار گوندنشینی دانیشتووی ٥١ گوندی دەڤەرەکە دابین بکات.

دلۆڤان خورشید، دانیشتووی گوندێکی تری دەڤەرەکەیەو دەڵێ، لەم ناوچەیە تەنیا دوو گوند کانی ئاوی خواردنەوەی هەیە، ئەوانی تر لە رێگەی بیرەوە ئاوی بۆ دابین کراوە، وتی “ئەگەر کارەبا نەبێت، یان بیرەکە بشکێت، ناچارین بۆ ئاوی پاک، ئاوی رووباری شین بەکار بێنین کە نزیکەی سێ کیلۆمەتر لێمانەوە دوورە”.

پڕۆژەی ئاوی بارزان، بە گوژمەی ١٣٨ ملیارو ٤٤٨ ملیۆن و ٨٤٥ هەزار دینار لە جێبەجێ کردن دایە، پێکهاتووە لە پێنج کۆگای سەرەکی و ٥١ کۆگای لاوەکی، لە رێگەی زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆمەتر بۆڕی قەبارە جیاواز، ئاوی پاک دەگەیەندرێتە ٥١ گوندی دەڤەری بارزان .