پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى لە کاتى دەستبەسەرداگرتنى ژمارەیەک دارى تەڕ... وێنە: پۆلیسى دارستان و ژیتگە
شێواندنى سروشت
لەسەر بڕینى دار دوو کەس دەستگیرکران
وریا فەتاح
لە سنوورى ناحیەى بەرزنجە دوو هاوڵاتى لەسەر بڕینى دار دەستگیرکران، لە پێنج مانگى یەکەمى ئەمساڵیشدا 48 کەس لەسەر بڕینى دار دەستگیرکراون.
پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوىکردەوە، مەفرەزەکانى بنکەى پۆلیسى دارستانى بەرزنجە، لە دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى کە هەوڵى لەناوبردن و شێواندنى دارستانەکان دەدەن بەردەوامن، بۆیە لە دوو شوێنى جیاوازدا دوو هاوڵاتیان لەسەر ئەو بابەتە دەستگیر کردووە.
هاوڵاتى یەکەم لە گوندى باساک دەستگیرکراوە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەی و ئەو دارانەدا گیراون، کە بڕیونى، هاوڵاتى دووەمیش لە چەمى گەڵاڵ دەستگیرکراوە کە نزیکەى 100 دارى بڕیوەتەوە.
لە بارەى ئامارەکانى ئەمساڵەوە، هێمن کەمەرخان بۆ 964 ئاشکراى کرد، لە 1.1.2024 تا 31.5.2024 و لە ماوەى پێنج مانگدا، تەنیا لە سنوورى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى کە لە 10 قەزا و 24 ناحیە پێکهاتووە، توانراوە 48 هاوڵاتى لەسەر بڕین و لەناوبردنى 978 دارى سروشى دەستگیر بکرێن.