لەگەڵ دادوەرەکان کۆبوەوە

سەرۆکی دادگای سلێمانی: کار بۆ نەهێشتنی تۆماری دەستی بکەن

964+
ئەحمەد مستەفا

سەرۆکی دادگای سلێمانی، داوای لە دادوەرانی هەرسێ دادگای تێهەڵچوونەوە، بەرایی و باری کەسێتی کرد، کار بۆ نەهێشتنی تۆماری دەستی بکەن، بە دادوەرەکانیشی وتووە، “دەستخۆشی لەو فەرمانبەرانە بکەن، کە پەیڕەوی سیستمەکەن”.

ئەمڕۆ دووشەممە 10.6.2024، سەرۆکی دادگای سلێمانی دادوەرانی هەرسێ، دادگای تێھەڵچونەوە، بەرایی و باری کەسێتی بینیوە، راگەیاندنی دادگا دەلێت، سەرۆک دادوەر عومەر ئەحمەد لە کۆبوونەوەکەدا وتوویەتی، “تاوتوێی ئەو رێکارانەی دەبنە هۆی زووتر یەکلاکردنەوەی داواکان و كارپێكردنی سیستمی ئەلكترۆنی بەشێوەیەكی باشتر کراوە و جەختی لێکراوەتەوە”.

سەرۆکی دادگا داوایکردووە، “دادوەرەکان کاربکەن بۆ نەهێشتنی تۆماری دەستیی لەو دادگایانە و كاركردن بە تۆماری ئەلیكترۆنی كە لە سیستمەكەدا جێگیر كراوە”، سەرۆکی دادگا وتوویەتی، “سیستمی ئەلکترۆنی دادگا، سوودی تەواو لە خزمەتگوزارییەکانی ناو سیستمەکە وەردەگیرێ، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە خێراترکردنی کارەکان”.

دادگای سلێمانی لەو بڵاوکراوەیەدا کە وێنەیەکی گەیشتووە بە 964، ئەوەشی نوسیووە، “سەرۆکی دادگا، دادوەرانی راسپاردووە كە دەستخۆشی بگەیەنن بە فەرمانبەرانیان، بە تایبەتی ئەوانەی چالاكن لە كاركردن بە سیستمەكە”.

رۆژی 24.8.2023، دادگای سلێمانی لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، “بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی/3 لە دانیشتنێکی دادگا سیستمی تایپی ئەلیکترۆنی (دەنگ بۆ نوسین) بە سەرکەوتوویی تاقیکرایەوە”.

دیمەنێک لە کۆبوونەوەی سەرۆکی دادگای سلێمانی لەگەڵ دادوەرەکان؛

وێنە؛ راگەیاندنی دادگای سلێمانی

+964صورة من منصة (شبكة):