چەند دارێک لە هەولێر بەهۆى با بەهێزەکەوە شکاونەتەوە... وێنە: ئەندازەى پارکەکان
لە هەولێر
با بەهێزەکەى شەوى رابردوو 100 دارى شکاندووە
964+
وریا فەتاح
با بەهێزەکەى شەوى رابردوو 100 دارى لە باخچە و پارکەکانى هەولێر شکاندووەتەوە کە زۆربەیان لە جۆرى دار سەیوان و تاڵیتۆزن.
رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر بە 964ـى وت، بەهۆى رەشەبا بەهێزەکەى شەوى رابردوو، 100 دار لە باخچە و پارکەکانى هەولێر شکاون، ژمارەیەک داری دیکەش زیانیان پێگەیشتووە.
بە وتەى بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارکەکان، ئەو دارەى بە تەواوەتى شکا بێت، هەڵى دەکەنن و لەشوێنى دارێکى دیکە دەچێنن، ئەوەشى کەمێکى شکابێت چارەسەرى بۆ دەکەن.
لەبارەى جۆرى ئەو دارانەى شکاون، رێبین ئەحمەد ئاشکراى کرد، زۆرینەیان لە جۆرى دار چەتر (سەیوان)،نن و بەشێکیان دارى تاڵیتۆزن، هەر بۆیە لەمەودواش رەچاوى ئەوە کراوە کە دارى سیسەم بچێنرێت، چونکە بۆ کەشوهەواى هەولێر گونجاوە و زیاتر بەرگە دەگرن.
لەبارەى زیانەکانى شکانى دار و درەختەکان لە سلێمانى، 964 قسەى لەگەڵ وتەبێژى باخچەکانى سلێمانى کرد، بەڵام هیچ ئامارێکى دارە شکاوەکانیان لا نەبوو و وتى،”لە دوو رۆژى داهاتوو دەزانین چەند دار شکاونەتەوە”.
لە ئێوارەى دوێنێوە، بایەکى بەهێز ناوچەکانى هەرێمى کوردستانى گرتەوە، بەرەبەیانى ئەمڕۆش گەیشتە هەولێر و بەهۆیەوە زیانێکى زۆرى بە درەخت و گوڵى پارکەکان گەیاند.