لە قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش
نەخۆشخانە و خانووی پێشمەرگە و ماڵەشەهید نۆژەن دەکرێنەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لقی بەردەڕەشی دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان و ماڵە پێشمەرگە و شەهید و خانووەکانیان لە سنووری قەزاکانی بەردەڕەش و ئاکرێ.
رەمەزان ئەحمەد محەمەد، بەرپرسی لقی بەردەڕەشی دەزگای نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی بە 964ـی وت، “دەستمان بە هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان و ماڵی پێشمەرگە و شەهیدەکان کردووە لە سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش، هەر شوێنێک پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەبێت نۆژەنی دەکەینەوە و هەموو خەرجییەکان لە لایەن دەزگاکەوە دابین دەکرێت”.
وتیشی، “ئەمڕۆ دەستمان بە نەخۆشخانەی گوندی گردەپان کردووە لە سنووری بەردەڕەش و کارەکانمان بەردەوام دەبێت”.
دەزگاکە لەو ماڵانەوە دەستپێدەکات کە پێشمەرگە و خانووەکانیان پێویستی بە چاککردنەوەیە و خۆیان توانای چاککردنیان نییە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد