شەش مانگى دیکە
قەدەغەى گەشتەکانى تورکیا بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى درێژکرایەوە
964+
وریا فەتاح
قەدەغەى گەشتەکانى تورکیا بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى تا 7.12.2024 درێژکرایەوە.
هەندرێن هیوا موفتى، بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى بە 964ـى وت،”دوێنێ ئاگادارکراینەوە کە قەدەغەى گەشتەکانى تورکیا بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى تا 7.12.2024، درێژکراوەتەوە”.
14 مانگى لەسەریەکە، تورکیا ئاسمانى وڵاتەکەى بەڕووى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى داخستووە.
رۆژى 3ـى نیسانى 2023، هێڵى فڕۆکەوانیى تورکیا، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى لە راگرتنى سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى هێڵى فڕۆکەوانیی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەکەی ئاگادار کردەوە، دواتریش حکومەتى تورکیا بڕیاری دا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات، کە بیەوێت لە تورکیاوە گەشت بۆ سلێمانی بکات.
سەرەتا بۆ ماوەى مانگێک گەشتەکان راگیران، بەڵام دواتر دوو جاریکى دیکە گەشتەکان درێژکرانەوە، لە جارى یەکەمدا بۆ 10ـى تەمموزى 2023 و لە جارى دووەمیش بۆ 22.6.2024 قەدەغەکە درێژکراوەتەوە.
ئێستاش کە جارى سێیەمە، تا 7.12.2024، درێژکراوەتەوە.
دووەمجارە بەهۆى دۆخى سیاسی و ئەمنییەوە، توركیا گەشتەكانی لەگەڵ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رادەگرێت.
پێشتر لە 29.9.2017، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانى بەڕووى هەردوو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر و سلێمانیدا داخست، دواتر لە تەممووزی 2018 توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی هەولێری هەڵگرت، بەڵام گەمارۆى سەر فڕۆکەخانەى سلێمانى درێژکرایەوە و 16 مانگ دواتر قەدەغەکە هەڵگیرا.
بەم شێوەیە لە 2017ـەوە تا ئێستا، جگە لە وەستانى گەشتەکان بەهۆى کۆرۆناوە، زیاتر لە 30 مانگ تورکیا ئاسمانى وڵاتەکەى بەڕووى سلێمانیدا داخستووە.
پێشتر بەرپرسانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلیمانى لە میدیاکانیان راگەیاندبوو، بەهۆى وەستانى گەشتەکانى تورکیا 36%ـى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى کەمیکرد و رۆژانە 15 هەزار دۆلار زیانى هەبووە.
هەرچەندە لە بارەى زیانەکانەوە 964 پرسیارى لە بەرێوەبەرى فڕۆکەخانەکە کرد، بەڵام لە وەڵامدا وتى، “هەموو زیانەکانمان تۆمارکردووە، بەڵام لە کۆتایى ساڵدا یان لەگەڵ دەستپێکردنەوەى گەشتەکان دەیخەینەڕوو”.