هێشتا دوو ملیۆن مین لە کوردستاندا ماوە

میدیازان – کوردستان ئەحمەد – هەولێر

لەهەموو عێراق ٢٥ ملیۆن مین چێندراوە، لەو ژمارە دوو ملیۆنی بەر کوردستان دەکەوێت و ١٣ هەزار قوربانیان لێكەوتووەتەوە.

روانگەی عێراقی سەوز لەسەر تویتەر پوختەی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە دەڵێ ٢٥ ملیۆن مین لەعێراق هەیە هەڵگرتنەوەی هەر مینێکیش ٣٠٠ بۆ هەزار دۆلاری تێدەچێت.

میدیازان کە چاوی بەو راپۆرتە کەوت سۆراخی ئەوەی کرد ئاخۆ لەو ژمارەیە چەندی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.

 جەبار مستەفا، سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان بەمیدیازانی وت ‘لە هەرێمی كوردستان ٧٧٦ كیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی لە ٧ملیۆن مین چێنراوە و لەو رووبەڕەش توانراوە زیاتر لە ٥١٨  كیلۆمەتر چوار گۆشە لە پاكبكریتەوە’ .زانیارییەکانی دەزگای مین دەڵێ هێشتا دوو ملیۆن مین لەکوردستاندا ماوە.

لە ساڵی ١٩٩٣ كە ئاماری قوربانییەكان تۆمار كراوە تا ئێستا ١٣ هەزار و ٥٥٧ كەس بونەتە قوربانی مین و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٦ هەزار كەس گیانیان لە دەستداوە. هەموو ئەم زانیارییانە لەدەزگای کاروباری مینەوە وەرگیراون.

جەبار مستەفا دەڵێت:”ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ داهاتێكی بۆ هەڵكرتنەوەی مین تەرخاننەكردووە تەنها پارەی مووچەی كارمەندەكانی دەزگای مین ئامادە دەكات”. ئەوەی تری لەئەستۆی رێکخراوەکانە.

 ئەم بێنەو بەردەیەی پاککردنەوەی مین وابڕوات زۆر دەخایەنێت و پلانەکە وەک خۆی بچێتە سەر تا شەش ساڵی تر ئینجا کوردستان خاوێن دەبێتەوە

.

سەرۆكی گشتی دەزگای كاروباری مین،وتی:”بەپێی رێككەوتننامەی ئۆتاوا كە بۆ كارووباری میینە دەبوو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ بەتەواوەتی لە مین پاكبكرایاتەوە بەڵام بە هۆی كێشە كەڵەكەبوەكانەوە درێژكرایەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ و بەڵام پاككردنەوەكە كۆتای نەهات و ئێستاش پلان وایە تا ساڵی ٢٠٢٨ تەواوی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق پاكبكرێتەوە لە مین