ئەندامی یەک خێزانن
کەلار؛ لە رووداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس بریندار بوون
ژێوار خدر
لەسەر رێگەی نێوان کەلار و دەربەندیخان، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کۆنترۆڵی لەدەستدا و بەهۆیەوە سێ ئەندامی یەک خێزان بریندار بوون، رووداوەکە لە نزیک گوندی بانیخان روویداوە.
هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، رووداوەکە سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 10.4.2026 روویداوە و ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری نیسان سەنی بووە و بە ئاراستەی دەربەندیخان رۆیشتووە، بەڵام لە نزیک گوندی بانیخان کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە راگری قەراغی رێگاکەدا کێشاوە، لە ئەنجامدا هەر سێ سەرنشینەکەی ناو ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون.
دەشڵێت، بریندارەکان کە لەدایکبووی ساڵانی 1988، 2009 و 2013ـەن، رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید مەلا ئەحمەد کەلاری لە ناحیەی باوەنوور کراون، ئێستا تیمەکانی هاتوچۆ لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوەیان بۆ دیاریکردنی هۆکاری دروستبوونی رووداوەکە دەستپێکردووە.