کوردستان.. بانکێک بۆ پێدانی پێشینە دەکرێتەوە
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
لەمەولا خەڵکی کوردستانیش دەتوانن سوودمەند بن لە وەرگرتنی پێشینەی بانکی کە تا ئێستا هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید دەیدا بە خەڵکی عێراق.
کەمێک پێش ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە کە لەمەولا هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن پێشينەی بانکی راکێشن.
بەپێی راگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، بەمزووانە بانکی نیشتمان دەبەسترێتەوە بە بانکی فیدڕاڵی عێراقی و دەستدەکات بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی لە پێدانی پێشینە بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
+964 دەزانێت، ساڵانێکی زۆرە هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید لەسەر ئاستی عێراق دەیان جۆر پێشینە دەدەن بە هاوڵاتییان و فەرمانبەران، هەر لە پێشینەی هاوسەرگیری بگرە تا دەگات بە کشتوکاڵ، هەروەها قەرزی کڕینی ئۆتۆمبێل تا دەگات بە قەرزی کڕینی خانوو، بەڵام لە تەواوی ئەو خزمەتگوزارییانە خەڵکی هەرێمی کوردستان لێی بێبەش بوون و تەنانەت ئەو دوو بانکە لقیان لە هەرێمی کوردستانیش نییە.
وەک لە هەواڵەکەی ماڵپەڕی حکومەت هاتووە، بانکی نیشتیمان، بانکێکی حکومی دەبێت و بە یاسای بانکی ناوەندی عێراقی دامەزراوە، کە سەمایەکەی 250 ملیار دینار دەبێت و لە ئێستادا 25 ملیار دینار لەسەر هەژماری بانکەکە هەیە.
“بانکی نیشتمان، هەموو ئەو كارانەی بانكی ناوەندی عێراقی ئەنجامدەدات”. لە راگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێم هاتووە.
لە هەرێمى کوردستان 94 بانك هەیە، بە گوتەی مەولود سابیر، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان، بە کردنەوەى بانكی نیشتمان مانگانە 500 ملیۆن دۆلاری پارهی نهوت لە ڕێگەى بانکە ئەهلییەکانەوە بۆ مووچهی فهرمانبهران خهرج دهكرێت، بانکى نیشتمان ئەمەش چارەسەر دەکات.