بێرنەر 27 هەزار مریشکی لە پشدەر سووتاند
+964
مەجید بێتوینی – پشدەر
کێڵگە پەلەوەرەکەی ناحیەی ژاراوە، شەوی رابردوو بە تەواوەتی سووتا و لە 27 هەزار مریشک تەنیا سێ دانەیان رزگاری بووە. خاوەنی کێڵگەکە دەڵێ: هۆکاری ئاگرەکە رژانی گازوایل و گۆڕینی کارەبا لە نیشتمانییەوە بۆ مۆلیدە.
رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە لە گوندی ریشوانی سەر بە ناحیەی ژاراوەی سەر بە قەزای پشدەرم بەهۆیەوە سەرجەم مریشکەکانی ناو کێڵگە پەلەوەرە تازو مۆدێرنەکە سووتاون و تەنیا سێ مریشک نەبێت.
کامەران رەسوڵ، خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکە بە تۆڕی964ـی وت “کێڵگە پەلەوەرییەکە تازە و مۆدێرن بوو، سەرجەم مەرج و رێنماییەکانی بەرگری شارستانی تێدابوو، ئەمە پێنجەم وەجبەی مریشک بوو تیایدا بەرهەم بهێندرێت، بەڵام درەنگانی شەوی رابردوو بەهۆی رژانی گازوایل و پاشان گۆڕانی کارەبا لە نیشتمانییەوە بۆ مۆلیدە شۆرتێکی کارەبا دروست بووە و یەکێک لەو ئامێرانەی ناو قاعەکە کە بە گازوایل کار دەکەن گڕ دەگرێت و بەهۆیەوە هەموو کێڵگەکە گڕی گرت”.
“ئەو مریشکانەی لە قاعەکە بوون، تەمەنیان 60 رۆژ بووە و کێشیان لەنێوان سێ بۆ چوار کیلۆ دەبوون، زیانی رووداوەکەش بە 12 دەفتەر دۆلار دەخەملێندرێت، هەروەها قاعەکەش زیاتر لە 22 دەفتەر دۆلار زیانی بەر کەوتووە”. کامەران رەسول وای وت.
عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین بە تۆڕی964 راگەیاند: کاتژمێر 4ـی شەوی رابردوو، تیمەکانمان لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە ئاگادارکرانەوە لە گوندی ریشوان لە ناحیەی ژاراوە دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ئامێرێک بووە پێدەوترێت (بێرنەر) بەکاردێت بۆ مەبەستی گەرمکردنی قاعەکە بەگاز ئیش دەکات دوای ئەوەی گازی لێتکاوە، شۆرتێکی کارەبای لەسەر دروستبووەو ئاگرەکە کەوتۆتەوە.
بە قسەی بەرگری شارستانی بێت، بەهۆی رووداوەکە 27 بۆ 28 هەزار مریشک مردار بۆتەوە بەشێکی زۆریشیان سووتاون، هەروەها بەشێکیشیان بەهۆی دوکەڵەوە خنکاون، بەڵام لە رووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.