لە ماوەی مانگێکدا

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی 674 حاڵەتی سکچوونی تۆمارکردووە

ژووری هەواڵ

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لە مانگی رابردوودا 674 حاڵەتی سکچوون و رشانەوەی تۆمارکردووە، بەراورد بە مانگی پێشتر 143 منداڵ زیاتر تووشبوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5.6.2024، نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری رایگەیاند، مانگی رابردوو 18 هەزار و 745 منداڵ لە نەخۆشخانە بینراون و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە.

هەر لەو مانگەدا دوو هەزار و 472 منداڵ داخڵی نەخۆشخانە کراو و 792 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆمارکراوە.

بەگوێرەی ئاماری نەخۆشخانەکە، “262 منداڵ لە بەشی بەدخۆراكی و 344 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار و 230 منداڵ لە بەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراك بینراون”.

بە وتەی ئاوات ژاژڵەیی، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان کە پێشتر قسەی بۆ 964 کردووە، گۆڕانی وەرز کاریگەریی لەسەر زۆربوونی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە هەیە.

هەر لەو ماوەیەدا لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشید، 20 هەزار و 213 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 603 سۆنەر و 86 ئیكۆ و 24 نازور ئەنجام دراوە و 438 تیشك گیراوە.