ئەکوا پارکەکەی سلێمانی هیچی لێدەرنەچوو

+964

دیلان محەمەد – سلێمانی

هۆڵی ئاهەنگ و مارکێتەکەی ئەکوا پارکەکەی سلێمانی ئاگری گرت، خاوەنەکەی دەڵێ هیچمان بۆ دەرنەچوو.

رووداوی ئاگر کەوتنەوەکە بە قسەی خاوەنەکەی بێت کاتژمێر 12:30ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 20ـی کانونی دووەم روویداوە، لەو کاتەی ئەو بۆ بەجێگەیاندنی واجبی وتاری هەینی لە مزگەوت بووە.

ئاسۆ عوسمان، خاوەنی ئەکوا پارکەکەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کە پەیامنێری تۆڕی964 ئامادەی بوو، باسی لەوەکرد کە سەرەتا ئاگرەکە لەناو مارکێتەکە روویداوە، پاشان هۆڵەکەشی گرتۆتەوە، زیاتر وتی “نازانرێت زیانەکان چەندن، بەڵام ھیچ شتك دەرنەچووە”.

ئاگرەکە نزیەکەی دوو کاتژمێری پێچوو تاوەکو لەلایەن تیمی ئاگر کوژێنەوەی سلێمانی کۆنتڕۆڵ کرا.

پەیامنێری تۆڕی964 باسی لەوەکرد کە زیاتر لە حەوت ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکە بوون و بەرەوامیش یەکێک دەگەیشت و یەکێکی دیکە دەگەڕایەوە بەڕێوەبەرایەتی بۆ هێنانی پێوسیتی ئاگر کوژاندنەوە.

ھەڤاڵ ئەبو بەکر، پارێزگاری سلێمانی دەستبەجێ گەیشتە شوێنی رووداوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێستا تیمەکان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن وھۆکارەکەشی نازاندرێت.

بەپێی زانیارییەکان کە لە بەرگری شارستانیەوە دەست تۆڕی964 کەوتوە، لە ئەنجامی ئاگرەکەدا ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ھۆڵ و مارکێتی ئەکواپارک دەکەوێتە گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانی و بەرامبەر بینای پارێزگای سلێمانییە و لە مارکێت و ھۆڵێکی ئاھەنگگیڕان و رێستۆرانت و مەلەوانگە پێکھاتووە، بەکۆی گشتی رووبەرەکەی 1500 مەتردووجایە.