وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا : دەنگدانی ئەمڕۆش قەرزارباری رۆڵی ماندونەناسانەی ژنانی ئێزیدییەکانە
+964
فەرمان سادق
دوای به جینۆسایدناساندنی تاوانی ئێزدییهكان لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەی، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە سێ تویتدا بە زمانی کوردی دەڵێ: دەنگدانی ئەمڕۆش قەرزارباری رۆڵی ماندونەناسانەی ئەوانە.
دوێنێ پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) تاوانی کۆمەڵکوژی دژ بە ئێزیدییەکانی وەک جینۆساید ناساند، لە کۆی 545 ئەندامی پەرلەمان، 313 ئەندام دەنگیان بە پڕۆژە بڕیارەکە دا.
هەر دوای ناساندنی تاوانەکە بە جینۆساید، ئانالینا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە زمانی کوردی لە تویتەری تایبەتی خۆیدا، بە سێ تویت قسەی لەسەر دەنگدان و ناساندنی تاوانەکە وەک جینۆساید کرد.
ئانالینا لە تویتی یەکەمیدا دەڵێ: سێ ساڵ لەمەوبەر ژنانێکی ئێزدیم لە باکوری عێراق بینی، ڕفێندرابون، کۆیلە کرابون، دەستدرێژیان کرابوە سەر، ئازارەکانیان بەرم نادەن، بوندستاگ بڕیاریدا، تاوانەکانی داعش لە دژی ئێزیدییەکان وەک خۆیان ناو بنێت جینۆساید.
هاوکات لە تویتی دووەمیدا وێڕای ئەوەی ئاماژە بە بڕیارەکەی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات کە پێیوایە ناتوانێت ئزارەکانی ئێزیدییەکان بنبڕ بکات، بەڵام بڕوایەکی قوڵی هەیە کە جیاوازی دروستدەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتی دووەمیدا دەڵێ: ئێمە دەزانین، هیچ بڕیارێکی پەرلەمانی لەم جیهانەدا ناتوانێت ئازارەکانی ئەوان بنبڕ بکات، بەڵام من بڕوایەکی قوڵم بەوە هەیە کە ئەم بڕیارە جیاوازییەک دروستدەکات، هەنگاوێکی چارەنوسسازە بەرەو داننان بە ئازارەکان و بەرەو دادپەروەری بۆ ڕزگاربوان.
ئانالینا بێربوک لە تویتی سێیەمیدا دەنووسێ “ئەمڕۆ وڵاتی ئێمە ماڵی گەورەترین ڕەوەندی ئێزیدییە لە جیهاندا، دەنگدانی ئەمڕۆش قەرزارباری رۆڵی ماندونەناسانەی ئەوانە”.
پەرلەمانی ئهڵمانیا دوێنێ پێنجشهممه، دوای 40 خولەک گفتۆگۆکردن لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ، تاوانی کۆمەڵکوژی دەرهەق بە ئێزیدییەکان لەسەر دەستی داعش لە ساڵی 2014، بە تاوانی جینۆساید ناساند.