بوودجەکەی 30 هەزار دۆلارە

کەسێک 750 مەتری گوندی کانی شەیتان کۆنکرێت دەکات

پێشەوا محەمەد

هاوڵاتییەک تێچووی کۆنکرێتی سێ رێگای سەرەکیی گوندی کانی شەیتان لە قەزای چەمچەماڵ دەگرێتە ئەستۆی خۆی، ئەنجومەنی گوندەکە دەڵێت، کۆنکرێتکردنەکە 30 هەزار دۆلاری تێدەچێت.

ئەو کەسەی کارەکەی کردووە ناوی کامەران شەهید رەحمانە و نوێنەری دانیشتوانی کانی شەیتانە لە وێستگەی کارەبای بازیان.

هەڵگورد نەوزاد، ئەنجومەنی گوندی کانی شەیتان بە 964ـی راگەیاند، تەواوی تێچووی کارەکە لە لایەن کەمران شەهید رەحمانەوە دابین کراوە و ئەو سێ رێگایە بۆ دانیشتوانی گوندەکە زۆر گرنگ بوون.

رێگاکان بریتین لە رێگای قوتابخانە، گۆڕستان و مزگەوتەکە کە بە هەرسێکیان 750 مەتر دەبن.

ئەنجومەنی گوندەکە وتیشی، “پێشتریش مۆلیدەیەکی 250 کەیڤی بۆ دابین کردووین و قوتابخانەکەشمان کارگوزاری نەبوو خۆی کارگوزارێکی بۆ گرتووە و مانگانە موچەی دەداتێ”.

گوندەکە لە 200 ماڵ پێکدێت و وێستگەی کارەبای بازیان لە زەوییەکانی ئەو گوندەدا دروستکراوە.

“ئەمڕۆ یەکشەممە 350 مەتری لە قۆناغی یەکەمدا کرا و سبەینێش ئەوەی ماوە دەکرێت”، هەڵگورد نەوزاد وای وت.