ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر
ئەمڕۆ
بازرگانانى هیندستان دێنە هەولێر
964+
شۆڕش هەرکی- هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ، شاندێکی بازرگانی هیندستان کە لە ژمارەیەک بازرگانى ئەو وڵاتە پێدێن، بگەنە هەرێمی کوردستان و ماوەی چەند رۆژێک دەمێننەوە و لەگەڵ بازرگانانی هەردوو ژوورى بازرگانى هەولێر و سلێمانی کۆدەبنەوە.
زەید مەحمود، یاریدەدەری بازرگانی کونسوڵخانەی هیندستان لە هەولێر بە 964ـى وت،” ئامانجی شاندەکە زیاتر نزیکبوونەوەیە لەبازرگانانی هەرێم، بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و هیندستان، سەرەتا دیدارەکان کراوەن، واتە هەموو بازرگانێک دەتوانێت ئامادەبێت و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی هیندستاندا واژۆبکات، لەچەندین کەرتی جیاوازدا”.
وتیشی،”بەبەردەوامی هەماهەنگی لەگەڵ ژوری بازرگانی و پیشەسازی دەکەین بۆ ئاسانکاری بازرگانان، بۆ ئەوەی بتوانن بچنە وڵاتی هیندستان و بەشداری لەپێشانگا و فێستیڤاڵە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتەدا بکەن”.
لاى خۆیەوە، عەبدولواحید تەها، بەڕێوەبەرى راگەیاندنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە 964ـی وت، جوڵەی بازرگانی لە نێوان وڵاتی هیندستان و عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر باشە، زۆرترین بەرهەمی هاوردەش لەو وڵاتەوە قوماش و چای و قاوەی و برنج”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح