ژینگه‌ى راپه‌ڕین ئاگاداره‌ و ناڕه‌زاییش دروستبووه‌

ژینگه‌ى چیاى مامه‌نده‌ و چه‌ند شوێنێكى سنوورى پشده‌ر ده‌شێوێندرێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ چه‌ند شوێنێكی جیاوازى شاخه‌كانى سنوورى قه‌زاى پشده‌ر چه‌ند كارگه‌یه‌ك ده‌ستیان به‌ ده‌رهێنانى به‌رد و ماده‌ى دیكه‌ كردووه‌، به‌شێك له‌ ژینگه‌پارێزان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ شێواندنى ژینگه‌یه‌ و دارستان و ژینگه‌ى راپه‌ڕینیش ده‌ڵێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كارگه‌كان مۆڵه‌تیان هه‌یه‌، به‌ڵام سزاشمان داون.

دەرھێنانی بەردە لە لوتکەی (کەلەگا)ـی زنجیرە چیای (مامەندە) و گونده‌كانی شیوەڕەز، شێنێ، زەڵێ، لۆفێ سپی لە ھەڵشۆ، دیوی چواس و بێگەڵاس، له‌و شوێنانه‌ى سنوورى قه‌زاى پشده‌رن كه‌ كارگه‌كان كارى تێدا ده‌كه‌ن.

شۆڕش كاكه‌ فه‌تحوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى راپه‌ڕین نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌كارى ئه‌و كارگانه‌ ئاگادارن و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى مۆڵه‌تیشیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام چاودێریان ده‌كه‌ن.

وتیشی “چه‌ند جارێك ئه‌و كارگانه‌مان سزاداون به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌كاتى كاركردندا دار و دره‌ختیان ده‌رهێناوه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا بۆ هه‌ر دارێك شه‌ش دارمان پێ چاندوونه‌وه‌”.

به‌قسه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌ كارگه‌كان به‌رد و ماده‌ى ئاسن له‌و شوێنانه‌ ده‌رده‌هێنن.

باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌وان رێگه‌ ناده‌ن ره‌گه‌زى خاك و ژینگه‌ى شوێنه‌كان به‌هۆى كارى ئه‌م كارگانه‌وه‌ بگۆڕدرێن و پێشتریش بۆ ئه‌و سه‌رپێچییانه‌ى هه‌یانبووه‌ دراونه‌ته‌ دادگا.

له‌سنوورى پشده‌ر ده‌نگێكى ناڕازى له‌به‌رامبه‌ر كارى ئه‌م كارگانه‌ دروستبووه‌ و كاره‌كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ژینگه‌ى سنووره‌كه‌یان به‌تاوان ده‌زانن.

محه‌مه‌د چاوشین، ژینگەپارێزێكی پشده‌ر، داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات ھەڵوێستێکی تووندیان بەرامبەر بە كارى ئه‌م كارگانه‌ هه‌بێت، كه‌ ژینگه‌ و سروشتى سنووره‌كه‌یان ده‌شێوێنن.

ده‌شڵێت “پێویسته‌ گروپەکانی شاخەوانیی لە سنووری پشدەر و سەرجەم ژینگه‌پارێزانى سنوورى ئیدارەی راپەڕین، لە رێگه‌ی تێکۆشانێکی مەدەنییەوە، ئەو تاوانە دەرھەق بە ئیکۆسیستمی کوێستانەکان بوەستێنین”.

شاخی گۆیژە چی بەسەرد دێت؟

شاخی گۆیژە چی بەسەرد دێت؟