پوچەڵکرایەوە
ئاسایشى هەولێر لە بارەى تەنە نامۆکەى گوندى کەڕزۆر روونکردنەوە دەدات
964+
وریا فەتاح
ئاسایشى هەولێر لەبارەى ئەو تەنە نامۆیەى لە گوندى کەڕزۆر دەرکەوت، روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، دەرکەوتووە کە ئامێرێکى یارییکردنى ترسناکى منداڵانە کە لە بۆنەى هاڵۆوین بەکار دەهێنرێت.
لە روونکردنەوەکەى ئاسایشدا هاتووە، لەچەند رۆژی رابردوو لە گوندی (کەڕزۆر) سەر بە ناحیەی قوشتەپە لە ناو زەوی و زاری جوتیارێک لە کاتی دروێنەکردنی گەنمەکەیدا، تەنێکى نامۆ دۆزرایەوە.
“دواى دۆزینەوەى تەنە نامۆکە، دەستبەجێ تیمی (پوچەڵکردنەوەی بۆمب)ـی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان گەیشتنە شوێنەکە و هەڵسان بە هەڵگرتنەوەی ئەو تەنە نامۆیە و لابردنی مەترسی لەو شوێنە”، ئاسایش لە روونکردنەوەکەیدا واى نوسیووە.
ئاشکرا کراوە، دواى پشکنین و شیکارى دەرکەوتووە کە تەنە نامۆکە ئامێرێکی یاری کردنی ترسناکی منداڵانە کە لە بۆنەی یادکردنەوەی (هاڵۆوین) بەکاردەهێنرێت و چەند گڵۆپێکی بچوکی جوانکاری تێدایە بۆ ماوەیەکی زۆرە لەو شوێنە دانراوە و هیچ ماددەیەکی تەقینەوەی لەگەڵ نەبەستراوە و ناشبێتە هۆکاری هیچ جۆرە ئاگر کەوتنەوەیەک .
تەنەکە نامۆکە، ترسى لاى جوتیاران دروستکردبوو کە بۆ کەوتنەوەى ئاگر بەکارهێنرابێت و مەبەست لێى سوتاندنى دەغڵودان بێت.