مامۆستایەک سێ خوێندکاری خۆی بە ئۆتۆمبێل دەشێلێت

میدیازان – هێڤی خالید – سلێمانی‌

لە گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانی مامۆستایەک بە ئۆتۆمبێلەکەی سێ خوێندکار دەشێلێت و یەکێکیان گیانلەدەستدەدات دووانەکەی دیکەش بریندار دەبن.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە خوێندنگەی جەمالی حاجی عەلی لە گەڕەکی شەکرەکەی شاری سلێمانی، مامۆستایەکی ئافرەت دەیەوێت ئۆتۆمبێلەکەی پارک بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەجیاتی پێ بە ئیستۆپدا بنێت پێی ناوە بە پایدەری بەنزیندا و لە ئەنجامدا 3 خوێندکاری خوێندنگەکەی شێلاوە.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شار بە میدیازانی راگەیاند، دەستبەجێ یەکێک لە خوێندکارەکان گیانی لەدەستداوەو دوو خوێندکاری دیکەش بریندار بوون و برینی یەکێکیان سەختە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد ئەو خوێندکارەی برینەکەی سەختە تووشی خوێنبەربوون بووە.

تەمەنی ئەو خوێندکارەی گیانی لەدەستداوە 13 ساڵە و خوێندکاری قۆناغی 8ی بنەڕەتی بووە، بریندارەکانیش تەمەنیان لەنێوان 13 بۆ 14 ساڵدایە. یەکێک لە خوێندکارەکان بەهۆی سوکی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.