عەمرە بکەی دەبێ ٦٠ دۆلار بدەی
میدیازان – دیسکی سلێمانی
هەر هاوڵاتییەک بیەوێت گەشتی عەمرە ئەنجامبدات دەبێت سەرەتا 60 دۆلار باج بداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمە بەقسەی عەلی حەمە ساڵحی پەرلەمانتار.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، “کاتێک هاوڵاتیەک سەردانی هەر وڵاتێک بکات بۆ گەشت یان قومار یان هەر هۆکارێکی دیکە، حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی وەک باج و ڕسومات لێوەرناگرێت! بەڵام بچێت بۆ عەمرە ٦٠ دۆلاری لێوەردەگرن!”
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، مانگانە نزیکەی 300 هەزار دۆلار لە عەمرەکارانی سنووری سلێمانی دەسەندرێت، بەڵام ئەم داهاتە دەچێتەوە بۆ هەولێر و بۆ ئەو پارێزگایە خەرج دەکرێت نەک سلێمانی.
لەبەرامبەردا کامەران عەلی، بەرێوەبەری حەج و عەمرەی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی کە وەک باج و رسومات لە عەمرەکاران وەردەگیرێت 50 دۆلارە و لەلایەن کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار وەردەگیرێت.
دەشڵێت، ئەو بڕە پارەیە بە پسوڵە وەردەگیرێت و راستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی دەوڵەت، بەرێوەبەری حەج و عەمرەی سلێمانی راشیگەیاند، جگە لەو 50 دۆلارە دەبێت عەمرەکاران لە فرۆکەخانە 30 دۆلاری بدەن.