چى کردووە؟
بەرگرى شارستانى راپەڕین بۆ ماوەى دوو رۆژ دەڕاسەیەک سڕ دەکات
964+
وریا فەتاح
لەلایەن تیمەکانى بەرگرى شارستانییەوە، لە کاتى دروێنەکردن رێگرى لە دەڕاسەیەک کرا کە مەرج و رێنماییەکانى جێبەجێ نەکردبوو، بۆ ماوەى دوو رۆژیش سڕکراوە و رێگەى پێنادرێت دروێنە بکات.
عەلى قادر، وتەبێژى بەرگرى شارستانى راپەڕین بە 964ـى وت،” ئەمڕۆ لەلایەن بنکەى رانییەوە، لە سنوورى دەشتى قوڕەگۆ رێگریکرا لە دەڕاسەیەک کە دروێنەى دەکرد.
لەبارەى هۆکارى رێگریکردنەکەوە، عەلى قادر وتى،”پێش وەرزى دروێنە کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەموو خاوەن دەڕاسە و کاکوتەکان کردووە کە دەبێت هەموو ئامێرێکى ئاگرکوژێنەوە و تانکەرى ئاویان لەگەڵ بێت، بۆ ئەوەى لە هەر حاڵەتێکى کەوتنەوەى ئاگر بتوانن کۆنتڕۆڵى بکەن، بەڵام ئەو دەڕاسەیە هیچ یەکێک لەو مەرجانەى جێبەجێ نەکردبوو”.
بە وتەى وتەبێژى بەرگرى شارستانى راپەڕین، بۆ ماوەى دوو رۆژ رێگرى دەکرێت لەو دەڕاسەیە دروێنە بکات و دەبێت لەو ماوەیەشدا هەموو مەرجەکان جێبەجێ بکات ئینجا رێگەى پێدەدەن.
لە بارەى کاکوتەکانیشەوە ئاشکراى کرد، تا ئەو کاتەى دروێنەکردن تەواو نەبێت، ناتوانن ئیش بکەن، چونکە وەک دەڵێت زۆربەى هۆکارى ئاگرەکان ئەوانن بۆیە دەبێت وەرزى دروێنە تەواو بێت ئینجا دەست بە کارکردن بکەن.