چۆن رزگارکرا

مین بە مانگایەکدا تەقییەوە

964+

وریا فەتاح

لەناو کێڵگەیەکى مینڕێژکراو مینێکى جۆرى VS50 بە مانگایەکدا تەقییەوە و بریندارى کرد، تیمەکانیش پاش سێ کاتژمێر رزگاریان کرد.

موحسین شێخ عەبدولکەریم، بەرێوەبەرى گشتى کاروبارى مینى سلێمانى بە 964ـى وت، ئێوارەى دوێنێ دووشەممە، رووداوێکى تەقینەوەى مین لە کێڵگەى مینى ملەی گۆڵێ B لە گوندی پەرخی سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق روویدا کە مینێکى جۆرى VS50 بە مانگایەکدا تەقیوەتەوە و بریندارى کردووە.

بەوتەى موحسین شێخ عەبدولکەریم، دواى ئاگادارکردنەوەى تیمى مینلابەرى دەستى پێنجوێن، تیمەکە گەیشتنە کێڵگەکە مینڕێژکراوەکە و سەرەتا بۆ ماوەى سێ کاتژمێر رێڕەوى سەلامەتیان دروستکرد تا گەیشتن بە مانگاکە.

بە وتەى شێخ موحسین، تیمەکە بە ماندووبونێکى زۆرەوە توانیان مانگا بریندارەکە و چەند مانگایەکى دیکە رزگار بکەن.

“پڕۆسەى رزگارکردنەکە زەحمەتییەکى زۆرى پێویست بووە، چونکە نەدەبوو بهێڵرێت مانگاکان لەو رێڕەوە لە مین پاککراوە لابدەن ئەگینا ئەگەرى تەقینەوەى مین رووى دەدا”، بەڕێوەبەرى مینى سلێمانى واى وت.

کێڵگە مینی ملەی گۆڵێ دابەشکراوە بۆ چوار بەش، سێ بەشیان پاککراوەتەوە لە مین و لە ئێستادا کارکردن لە بەشی چوارهەم و کۆتایی کێڵگەکەدا بەردەوامە و رێکخراوی کۆمەڵەی ئامۆژگاری مین MAG کاری پاکسازی مینی تێدا ئەنجام دەدات.

تا ئێستا لەم کێڵگەمینەدا یەک هاوڵاتی گیانى بەخشیوەو و پێنج هاوڵاتیش بریندار بوون و زیاتر لە 126 سەر ئاژەڵیش بەهۆی تەقینەوەی مینەوە تیاچوون.

تائێستا مین مەترسییەکى سەرەکییە لەسەر هاوڵاتیان وبە وتەى بەڕێوەبەرى گشتى کاروبارى مینى سلێمانى، لە ساڵى 2023 دا، هەشت هاوڵاتى بەهۆى مینەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەم شێوەیە دابەشبووە (دوو هاوڵاتى لە هەڵەبجە، سێ هاوڵاتى لە پێنجوێن، یەک هاوڵاتى لە سنورى شارباژێر، دوو هاوڵاتى لە سنورى شارى سلێمانى)، هەر لەو ساڵەدا چوار هاوڵاتیش کەمئەندام بوون کە دوانیان لە دەربەندیخانە ودوانەکەى دیکە لە سنورى شارباژێڕە.

بەپێى ئامارەکانى مینى سلێمانى، لە 2023 دا، 34 کێڵگە پاککراوە لە مین وتەقەمەنى رادەستى خاوەنەکانیان کراوەتەوە ولە مەترسى مینیان لەسەر نەماوە.

ئەندامێکى تیمى مینلابەرى سلێمانى لە کاتى کاردا لە هۆش ...

ئەندامێکى تیمى مینلابەرى سلێمانى لە کاتى کاردا لە هۆش خۆی چوو