چیاى ئاسۆس و پشدەرە رەقە
دەنگێکى بەهێز لە قەڵادزێ بیسترا
964+
وریا فەتاح
کەمێک پێش ئیستا، دەنگێکى بەهێز لە قەڵادزێ بیستراوە و بەپێى سەرچاوەیەکى ئەمنیش دوو شوێن بۆردوومان کراون.
ئەو سەرچاوە ئەمنییەى قەڵادزێ کە قسەى بۆ 964 کردووە، سنوورى گوندى مەمکان و پیرانە رەشە لە پشدەرە رەقە و چیاى ئاسۆس و نزیک گوندى کانى توى بەرى مەرگە بۆردوومان کراون.
دەنگى بۆردومانەکە لە ناو شارى قەڵادزێ هەستى پێکراوە و هاوڵاتیان گوێیان لێى بووە.
هەرچەندە سەرچاوەکە زانیارى نەبوو لەسەر شێواز و جۆرى بۆردوومانەکە، بەڵام وەک وتى،”بەپێى ئەزموونى بەردەواممان لەگەڵ ئەو رووداوانە، پێدەچێت بۆردوومانەکە لە رێگەى درۆنەوە ئەنجامدرابێت”.
تائیستا هیچ لایەنێکى فەرمى لەبارەى زیانەکانەوە روونکردنەوەى نەداوە.
نوێکراوەتەوە 11:03 خولەک
رابەر حەسەن، وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین بە 964ـى وت، کوێستانەکانى پیرانەڕەشە لە سنوورى پشدەرە رەقە بە درۆن بۆردوومان کراوە، هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.
لەبارەى بۆردوومانەکەى چیای ئاسۆس، وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین وتى،”هیچ زانیارییەکم بەدەست نەگەیشتووە”.