دەڵێن، ورەیان بەرزدەکەینەوە
بەڕێوەبەر و مامۆستاکانیان سەردانی ماڵی 85 خوێندکاری قۆناغی 12یان کردووە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بەڕێوەبەر و ستافێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکەی، بۆ بەرزکردنەوەی ئیرادە و ورەیان، سەردانی ماڵی سەرجەم خوێندکارەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی قوتابخانەکەیان دەکەن.
قوتابخانەکە ناوی هێڤیاری ئامادەیی کوڕانە لە کۆیە، کە لە ئێستادا خوێندکارەکانی لە مۆڵەتدان بۆ سەعی کردن و کۆششکردن، تا خۆیان ئامادەبکەن بۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ.
مامۆستا کارۆخ مەجید، بەڕێوەبەری قوتابخانەی هێڤیاری ئامادەیی کوڕانە ئەو کە لە بەرهەمێکی میدیایی 964 بەشداریکردووە دەڵێت، “دەمانەوێت خوێندکارەکانمان هەموویان ببنە نموونەیەکی باڵا و چاویان لێبکرێت، ئێمە ئەو سەردانیانە دەکەین بۆ دڵنەوایی و ئارامکردنەوەی لایەنی دەروونییانە”.
تاقیکردنەوەکان، کەمتر لە مانگێکی ماوە ئەوان لەگەڵ دایک و باوکی خوێندکارەکاندا دادەنیشن، تا لە نزیکەوە کۆمەڵێک رێنمایی و ئامۆژگارییان بکەن تا هاوکاریان بن و منداڵەکانیان بە باشی خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە بکەن.
قوتابخانەی هێڤار 107 قوتابی پۆلی 12ی هەیە، تا ئێستا بەڕێوەبەر و مامۆستاکان سەردانی 85 ماڵیان کردووە، دایک و باوکی قوتابییەکانیش بە ئەرێنی کارەکە هەڵدەسەنگێنن، ئەوەیە یەکەم جارە لە کۆیە بابەتێکی لەوجۆرە و بەرچاوو روودەدات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا