لەمەودوا دەبێت مۆڵەت وەربگرن
وەزارەتی تەندروستی: چالاکی رێکخراوە ناحکومییەکان لەسەر شێرپەنجە نازانستین
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی رێکاری نوێ بەرامبەر ئەو رێکخراوە ناحکومیانە دەگرێتەبەر کە چالاکی لەبارەی نەخۆشی شێرپەنجە و چالاکییەکانی بڵاودەکەنەوە و دەڵێت، لەمەودوا دەبێت خۆیان تۆمار بکەن.
وەزارەتی تەندروستی نوسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی کردووە و دەڵێت، هەر رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بیەوێت چالاکی لەبارەی نەخۆشی شێرپەنجە ئەنجامبدات، دەبێ بە رەزامەندی و مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستیبێت.
بەگوێرەی نوسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، “زۆرجار چالاکییەکان کە لەسەر نەخۆشیەکە و چۆنیەتی چارەسەرەکان دەخرێنە روو نازانستین و سەرنج و تێبینی زۆریان لەسەرە”.
بۆ وەرگرتنی مۆڵەت رێکخراوەکان دەبێت بچنە هۆبەی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری تەندروستی.
بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی تاوەکو ئێستا بڕیارەکەیان بەدەست نەگەیشتووە، هاوکار عەلی، وتەبێژی تەندروستی رانیە بە 964ـی وت، “هێشتا ئەو بڕیارەمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام پێشبینیدەکەین لەم چەند رۆژەدا بگات”.