رۆژهەڵاتی کوردستان

مامۆستایەک لە مەریوان لە کارەکەی دوورخرایەوە

سۆما حەکیم زادە

سومەییە ئەختەر شومار یەکێک لە چالاکوانانی سەندیکای مامۆستایانی مەریوان بە بڕیاری دەستەی سەرپێچییە کارگێڕییەکان لە کارەکەی دوورخرایەوە.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاویکردەوە، سومەییە ئەختەر شومار، چالاکوانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان، بە بڕیاری لیژنەی پێڕاگەیشتنی سەرپێچییە ئیدارییەکان لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان دەرکرا، مامۆستاکە جگە لەم سزایە چەندین تۆمەتیشی  بەسەردا سەپێنراوە، وەک، لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و بڵاوکردنەوەی بابەتی ورووژێنەر و بابەتی هاندانی مامۆستایان بۆ کارێک کە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بێت، هەروەها پشتیوانیکردن لە مامۆستایانی گرتووخانەکان و چەند تۆمەتێکی دیکە.

سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەم تۆمەتانەوە سومەییە ئەختەر شومار لە کارەکەی دەرکراوە، لە کاتێکدا ئەم بڕیارە بۆ ئەم مامۆستایە دراوە، کە نە خۆی و نە پارێزەرەکەشی ئاگادارنەکراونەتەوە.