بەکارهێنانی ماتۆڕە کارەباییەکان "جێتسکی" لە دەریاچەی دوکان _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
پارێزەرانی ئاو پێی هەستاون
واژۆ بۆ سنوردارکردنی بەکارهێنانی ماتۆڕە ئاوییەکان کۆدەکرێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
رێکخراوی پارێزەرانی ئاوی عێراق، دەستی بە راگەیاندنی هەڵمەتی سنووردارکردنی بەکارهێنانی ماتۆڕە کارەباییەکان “جێتسکی” کرد لە دەریاچەی دوکان، بتوێن، و رووبار و سەرچاوەکانی ئاوی شیرین.
کەمپینەکە ئەمڕۆ شەممە 25.5.2024 بە ئەلیکترۆنی راگەیەندرا و تێیدا نوسراوە، “پشتگیری ئێوە زۆر گرنگە لە یارمەتیدانمان بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی سەرچاوە ئاوییە بەنرخەکانمان”.
کاتێک لینکە ئەلیکترۆنییەکە دەکەیتەوە بۆ واژۆکردن نوسراوە، “بەخێربێن بۆ فۆڕمی کەمپەینەکەمان کە رێکخراوە لە لایەن پارێزەرانی ئاوی عێراق بە هاوکاری چالاکوان و ژینگەپارێزانی دوکان، ئامانج لەم فۆڕمە کۆکردنەوەی واژۆیە بۆ ناڕەزایی دەربارەی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی (جێتسکی) لەسەر ژینگە و ئەو مەترسیانەی کە بۆ گەشتیاران و مەلەوانان و بەکارهێنەرانی دروستی دەکەن”.
بە واژۆکردنی ئەم فۆڕمە، تۆ دەنگی خۆت دەدەیت بۆ پشتگیری لە بانگەوازی سنووردارکردنی بەکارهێنانی جێتسکی لە دەریاچەی دوکان و بەحری بیتوێن و سەرچاوەکانی ديكه، کە بەشێوازێکی ناشرین و زیانبەخش بەکاردەهێنرێن و بە چەند شێوازێک ژینگە پیس دەکەن بە ژاوەژاو، دەرکردنی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و گازە زیانبەخشەکان بۆ هەوا و ناو ئاو، و دەردانی ڕۆن و مەوادی ژەهراوی بۆ ناو ئاو.
بنوار رزگار، ئەندامی تیمی رێکخەرانی پارێزەرانی ئاو لە عێراق ئەوەی بە 964 وت، “بە واژۆکردنی ئەم فۆڕمە، دەنگدەر دەنگی خۆت دەدات بۆ پشتگیری لە بانگەوازی سنووردارکردنی بەکارهێنانی جێتسکی لە دەریاچەی دوکان و بیتوێن هەروەها رووبار و سەرچاوەکانی ئاوی شیرین کە بەشێوازێکی ناشرین و زیانبەخش بەکاردەهێنرێن”.
دەربارەی بیانووە زانستییەکانی ئەوان بۆ راگەیاندنی کەمپینەکە ئەو وتی، “ئەو ماتۆڕانە، بە چەند شێوازێک ژینگە پیس دەکەن بە ژاوەژاو، دەرکردنی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و گازە زیانبەخشەکان بۆ هەوا و ناو ئاو، و دەردانی ڕۆن و مەوادی ژەهراوی بۆ ناو ئاو، کە ئەوانە هەموویان کاریگەرن لەسەر دۆی ئاو”.
ئەو رێکخراوە داوای پشتگیری لە خەڵک و چین و توێژەکان دەکەن، و دەڵێن، “یارمەتیدانمان زۆر گرینگە، بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی سەرچاوە ئاوییە بەنرخەکانمان”، ئەم فۆڕمە واژۆکەی لە رێگەوە دەکرێ
https://forms.gle/8iUVsxPfFCpRLcVX9