هەڵکشانی دۆلار جوڵەی بازرگانی پەروێزخانی پەک نەخستووە
+964
هونەر فارس – گەرمیان
بەهۆی ئەو خواستەی لەسەر کاڵای ئێرانی هەیە، هەڵکشانی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان نەبووە.
چەند مانگێکە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ناجێگیرە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەشێک لە کاڵا و شمەکەکان، بەڵام زۆری پێداویستی هاوڵاتیان رێگر بووە لەبەردەم کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان.
ئارام مەلا نوری، بازگانێکی ئاردە و رۆژانە دەیان تۆن ئارد لە رێگەی دەروازەکەوە داخڵی هەرێم دەکات، ئەو قسەی بۆ 964+ کردووەو دەڵێ: جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکە بۆ خواستی هاوڵاتییان بەرامبەر پێداویستییەکانی رۆژانە دەگەڕێتەوە، هاوڵاتییان بە هەر رێگەیەک بێت دەیانەوێت پێداویستییەکانیان دەستبخەن.
دەشڵێت: سەرباری کەم نەکردنی قەبارەی بازرگانی لە دەروازەکە، بەڵام بەشێک لە پێداویستییەکان نرخیان گران بووە، پێشتر تۆنی ئاردم لە بازاڕدا بە 470 دۆلار دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بە 480 دۆلار دەیفرۆشن و ئەو 10 دۆلارەی کە چووەتە سەری لە گومرگ لێمان وەردەگرن”.
عەباس ئیسماعیل، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری پەروێزخان بە 964+ـی راگەیاند: بەرزبوونەوەی دۆلار هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جوڵەی بازرگانی دەروازەی سنوری پەروێزخان نەبووە، رۆژانە نزیکەی 800 باری جۆراوجۆر لە دەروازەکەوە داخڵی هەرێم دەبن.
هەرچەندە جموجوڵی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان وەک پێشووترە، بەڵام گرانی نرخی شتومەک لە بازاڕەکاندا ئاستەنگی بۆ هاوڵاتییان دروستکردووە و ناچارن بە گرانتر لە نرخی پێشتر پێداویستییەکانیان بکڕن.