"ئەوە ئازادی کەسییە"
مامۆستایانی عێراق داوای پاشگەزبوونەوەی بڕیارێکی وەزیر دەکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
نەقیبی سەندیکای مامۆستایانی عێراق رایگەیاند، “زیاتر لە ملیۆنێک مامۆستا لە عێراق دەکەونە چوارچێوەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە دەربارەی قەدەغەکردنی را دەربڕیانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسینی کۆمێنت”.
نوسراوێک بە ژمارە 24015 کە رێکەوتی 2ی ئایاری 2024، دەرچووە بەڵام تازە کەوتووەتە دەست میدیاکان، تیایدا هاتووە، بە پشتبەستن بە یاساو رێنماییەکان، پێویستە لە بەڕێوەبەرایەتی و هۆبەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، کارگێڕی قوتابخانە وپەیمانگاکان، هەموو دەرکەوتنێکی میدیایی فەرمانبەران لە کەناڵەکان و بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە بکرێت.
نامەیان بۆ وەزیر ناردووە تا پاشگەزببێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.5.2024، عودەی عیساوی نەقیبی سەندیکای مامۆستایانی عێراق، قسەی بۆ میدیا عێراقییەکان کرد وتی، “ئەو بڕیارە پێچەوانە ئازادییە کەسییەکانە و ئێمە لە سەندیکا رەتی دەکەینەوە و پابەندین بە پاراستنی ئازادییە کەسییەکان”.
وا دەرکەوت سەندیکاکە نامەیان بۆ وەزیر ناردبێت، عیساوی وتی، “داوامان لە وەزیر کردووە کە لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە و پشتڕاستی کردەوە کە نامەیەکی فەرمی بۆ وەزارەتی پەروەردەی عێراق لەو بارەیەوە نێردراوە”.
بەپێی نوسراوەکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە ناردووە دەڵێت، هەموو فەرمانبەرەکانتان ئاگادار بکەنەوە نابێ بەبێ پرس لە کەناڵە ئاسمانییەکان دەربکەون، نابێ لەسەر سۆشیال میدیا قسە بە کەسایەتییە سیاسییەکان بڵێن.
“نابێت رەخنە لە سیاسی و کەسە بەناوبانگەکان بگرن”
بەڵێن نامەیەکیش بە هەموو مامۆستاو فەرمانبەرەکان پڕ دەکەنەوە کە وەعد دەدەن شتی واناکەن، هەڕەشە لە سەرپێچیکارانیش دەکات کە ڕێ وشوێنی یاسایی دەگرنەبەر.
بەپێی نوسراوەکە، لە حاڵەتی سەرپێچیکردندا، رێکاری یاسایی دژی بەڕێوەبەری بەش و قوتابخانەکەو فەرمانبەرە سەرپێچیکارەکەش دەگیرێتەبەر.
لە فۆرمی بەڵێننامەکەدا، فەرمانبەران دەبێت ناو و ناونیشانی کاری خۆیان بنوسن و بەڵێن بدەن جگە لە ناوەڕۆکی پەروەردەیی هیچ ناوەڕۆکێکی تر بڵاونەکەنەوە، بەتایبەتی هەڕەشە و رەخنەگرتن لە کەسایەتیە سیاسیی و بەناوبانگەکان لە کۆتاییشدا کە واژۆی دەکەن شوێنی نیشتەجێبوونیان بنوسن.