بۆ ئەوەی تای خوێن بەربوون نەگرن
چوار تیم بۆ کوتانی ئاژەڵەکانی ماوەت دانراون
964+
دیلان محەمەد جەزا
هەڵمەتی کوتانی رەشەوڵاخەکانی سنوری قەزای ماوەت دەستی پێکردووە، هەڵمەتەکە بۆ روبەڕوبوونەوەی تای خوێن بەربوونە و ماوەی مانگێک بەردەوامی دەبێت، هەروەک ئاژەڵە بچووکەکانیش لە نێو حەوزێکی پاککەرەوەدا دەشۆردرێن.
نزیکەی 10 هەزار سەر ئاژەڵ لە ماوەت هەن
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.5.2024، دکتۆر مەریوان عیزەت لێپرسراوی هۆبەی ڤێتێرنەری ماوەت بە 964 وت، “چەند رۆژێکە هەڵمەتی کوتانی رەشەوڵاخەکانی سنووری قەزاتی ماوەت لە ناوچەی شارباژێڕ دەستی پێکردووە، بە مەبەستی بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی تای خوێن بەربوون”.
باسی لەوەشکرد، “هەڵمەتەکە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت و لە سنورەکەدا نزیکەی چوار هەزار سەر رەشەوڵاخ هەیە، لەگەڵ نزیکەی پێنج هەزار ئاژەڵی ورد و مامناوەند”.
کارەکان چوار تیم بەڕێوەی دەبەن
ئەو لێپرسراوەی هۆبەی ڤێتێرنەری ماوەت ئەوەشی خستەڕوو، “ئاژەڵە وردەکان لە حەوزێکدا دەشۆردرێن، رەشەوڵاخەکانیش دەرزی (ئایڤەر مێنتین) لە ژێر پێستیان دەدرێت، کە بۆ بەرگرتن لەو گەنە و حەشەراتانەی لە ئاژەڵدا هەیە کەڵکی هەیە، گەرچی تا ئێستا هیچ حاڵەتێکمان تۆمار نەکردووە”.
لە سنووری قەزای ماوەت 30 گوند ئاژەڵی گەورە و بجووکی تێدا بەخێودەکرێت، لە رێگەی تیمێکی چوار کەسییەوە سەردانیان دەکەن و ئاژەڵەکانیان دەکوتن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا