لە ئاکرێ

ئاگرەکەی منداڵەکانی کۆمەڵگای ئازادی زیانی بە نیو دۆنم زەوی و چەندین دوکاندار گەیاند

زەید کۆچەر – دهۆک

کۆمەڵێک منداڵ لە گۆمەڵگای ئازادی لە ئاکرێ ئاگرێكیان کردەوە و زیان بە زیاتر لە نیو دۆنم پوش و مۆلیدەیەکی 50 ئەمپێری چەند دوکانێک گەیاندووە.

دوکاندارەکانی ئەو کۆمەڵگایە خۆیان مۆلیدەیان کڕیوە و ئەمڕۆ بەهۆی کردنەوەی ئاگر لەلایەن ئەو منداڵانەوە بێ کارەبا بوون.

فەواز سوبحی، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی ئاکرێ بە 964ی وت، جگەلە پوش و پاوانی ئەو ناوچەیە و مۆلیدەی دوکاندارەکان ئاگرەکە زیانی بە قەراغی مەشتەلی کۆمەڵگاکەش گەیاندووە.

وتیشی، لەلایەن تیمی بەرگری شارستانیەوە توانراوە بە زوویی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و چەند مۆلیدەیەکی دیکەی دوکانداران رزگار بکەن لە سووتان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی