گڕەکەیان کوژایەوە

لە مۆندیال، سکۆتلەندییەکان “وەستاى قسان و کۆڵەوارى دەستان بوون”

ژوورى هەواڵ

کورد لە خۆڕا نەى وتووە،”ئەوەى زمانى درێژ بێت دەستى کورتە”، ئەمە رێک بۆ سکۆتلەندییەکان راستە، گۆرانییەکەیان ترێندى مۆندیال بوو، هاواریان دەکرد و دەیانوت “سکۆتلەندا گڕى گرتووە”، بەڵام ئەمە تەنیا قسە بوو. چونکە هەر زوو کرانە دەرەوە.
مۆندیال بە هات و هاوار بەدەست نایەت، دەبێت لەناو یاریگا بجەنگى، ئەگەر ئەمە پێوەربوایە کەس لە سکۆتلەندییەکان شایستەتر نەبوون، چونکە هاندەرانیان شەقام و یاریگاکانیان پڕکردبوو لە دروشمێک ” سکۆتلەندا گڕى گرتووە”.

“سکۆتلەندا گڕى گرتووە”

چیرۆکی ئەم رستەیە دەگەڕێتەوە بۆ 29 ساڵ لەمەوبەر، گۆرانییەکەی گالا دەڵێت ” Freed from desire”،
بە ماناى رزگاربە لە خواست و تەماح ، بەڵام سکۆتلەندییەکان وشەکانیان گۆڕیبوو و کردویانە بە ” Scotland on fire” واتا “سکۆتلەندا گڕى گرتووە”، لەم مۆندیالەش هەر وایان وت و بوونە ترێند. بەڵام گڕەکەیان بەشى ئەوەى نەکرد پێى بێنە قۆناغى 32 و هەر لە یارى کۆمەڵەکان ماڵئاواییان کرد.