بۆیان دیارییکرا
چیتر دوکاندارانى لەنگە ناتوانن هێڵ ببەزێنن
964+
وریا فەتاح
شارەوانى هەولێر هێڵى دانانى کاڵاکانى بۆ دوکاندارانى بازاڕى لەنگەى کۆن دانا و چیتر دوکانداران نابێت هێڵەکە ببەزێنن.
شارەوانى هەولێر بڵاوى کردووە، لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی بازاڕ و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی، لە رێگەى تیمەکانمانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی دەستکرا بە راکێشانی هێڵ بۆ گشت دوکانەکانی بازاڕی لەنگەی کۆن.
بەپێى راگەیەنراوەکەى شارەوانى بێت، دەبێت دواکانداران کەلوپەلەکانیان لەسەر هێڵەکە دابنێن و نەیبەزێنن.
وەک ئەوەى شارەوانى باسى کردووە، دوکانداران تەنیا لە رۆژدا دەبێت کاڵاکانیان لەسەر هێڵەکە دابنێن و لە شەودا تەواوی دوکانیان دابخەن و هیچ کەلوپەلێک لە دەرەوە جێنەهێڵن.
“ئەو رێکارانە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و پاراستنی سەروماڵی کاسبکاران لە رووداوی نەخوازراو”، سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر واى نوسیوە.
لەمساڵدا دوجار بازاڕى لەنگەى هەولێر ئاگرى گرت و زیانێکى گەورە بەر دوکانداران کەوت، هۆکارى سەرەکیش لە تەشەنەکردنى ئاگرەکان ئەو کەلوپەلانە بووە کە دوکاندارەکان لەبەردەمى دوکانەکانیان جێیان هێشتبوو، هەربۆیە شارەوانى چەندین بڕیارى دەرکردووە کە رێگە لە دوکاندارەن دەگرێت پەردە هەڵبواسن و شەوانە کەلوپەلەکانیان جێبهێڵن.